رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر، دوای ئەوەی لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا نزیکەی 180 دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستدا.
ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە 2598 دۆلارەوە بۆ 2610 دۆلار بەرزبووەوە.
چاوی بازرگانان لەسەر ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەرە لە ئەمریکا، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی نەختی دروستبکات.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا ئۆنسەیەکی بە 2614 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی نرخی زێڕ بۆ خوار 2600 دۆلار بووەتە هۆکار بۆئەوەی بازرگانانی زێڕ دەست بە کڕینەوەی زێڕ بکەن، لەبەر ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی کانزای زەرد دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئاستەکانی ئێستا بە نرخی گونجاو بۆ کڕینی زێڕ هەژمار دەکرێت."
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلار لەدوای بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا."
هاتنەسەرکاری ترەمپ بازرگانانی بێ هیوا کردووە لە دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
بەپێی راپرسییەکان، چانسی ئەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی بانکەکە رێژەی سوودی بانکی 25 خاڵی دیکە دابەزێنێت لە 77.3%وە بۆ 60.3% دابەزیوە.
ئەمڕۆ کاژێر 04:30ی پاشنیوەڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر بڵاودەبنەوە، بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ