گومرکی کرماشان: هەناردەمان بۆ عێراق لە 2.7 ملیار دۆلار نزیک بووەتەوە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئاماری فەرمیی گومرکی کرماشان، لە پێنج مانگی رابردوودا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 130٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 2.7 ملیار دۆلار. 
 
پێنجشەممە، 12ی ئەیلوولی 2024، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا سێ ملیۆن و 75 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای دوو ملیار و 684 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردەی عێراق کراوە.
 
عەباسزادە گوتی، بەراورد بە پار هەناردەکردن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە 130٪ زیادیکردووە. 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان، زیاترین هەناردە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان و خوسرەوییەوە بووە. "لەو ماوەیەدا یەک ملیۆن و 301 هەزار تۆن کەلوپەل بایی زیاتر لە یەک ملیار و 611 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە و زیاتر لە 670 هەزار تۆن کەلوپەل بایی 434 ملیۆن دۆلاریش لە رێگەی دەروازە سنووریی خوسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە."
 
عەباسزادە دەڵێت، لەو پێنج مانگەدا لە دەروازەی سنووریی سەومارەوە 740 هەزار تۆن کەلوپەل بایی 447 ملیۆن دۆلار، لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵەوە 238 هەزار تۆن کەلوپەل بایی 170 ملیۆن دۆلار و لە دەروازەی سنووریی شووشمێوە 125 هەزار تۆن کەلوپەل بایی 20 ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە.
 
دەشڵێت، زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی هەناردە کراون بریتین لە ئاسن، کاشی، سیرامیک و کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و میوە. 
 
بەپێی ئاماری فەرمیی گومرکی ئێران، پار لە پارێزگای کرماشانەوە بڕی حەوت ملیۆن و 273 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەناردە کرابوو. زۆرترینیان لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بووە، کە 2 ملیۆن و 788 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای ملیارێک و 234 ملیۆن دۆلار بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە