رووداو - هەولێر
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ناڕەزایی زۆربەی شۆفێرانی هەرێمی کوردستانی لێکەتووەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی نانی رۆژانەیان لەسەر هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتییە. شۆفێرانی تاکسی کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، رۆژانە دوو تاوەکو 2500 دینار زیاتر بە بەنزین دەدەن، داوا دەکەن پاڵپشتییەکانی حکومەت بۆ کەرتی سووتەمەنی بگەڕێتەوە.
فاتیح بەرزنجی، شۆفێری تاکسی دەڵێ "بەنزین گران بێت، خۆراک و شتی دیکەش گران دەبێت. ئەگەر بەنزینمان گران بێت و هاتووچۆ نەکەین چی لە باشی رێگا بکەین؟ بۆیە دەبێت نرخ هەرزان بکرێت وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق".
جەوهەر محەممەد، شۆفێرێکی دیکەیە، ئەو دەڵێ "لیتری بەنزین لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، موسڵ و مەخموور و کەرکووکیش بە 450 دینارە، بۆ لێرە بە 700 و 725 دینارە و گرانە؟ کاکە خۆی چوار شت زۆر پێویستە: ئاو، کارەبا، رێگەوبان و سووتەمەنی، بەڵام لە هەمووی گرنگتر سووتەمەنییە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات، لە سەرەتای ساڵی 2016ـەوە پاڵپشتییەکانی نرخی سووتەمەنی راگرت. لەوەتەی بەغدا بودجە و شایستە داراییەکانی بڕیوە، هەولێر بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانە گوشارێکی زۆری لەسەرە، بۆیە بە ئەستەمی دەبینێت تاوەکو لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بودجە و پرسی نەوت رێکنەکەوێت، بتوانێت بیر لە گەڕانەوەی پاڵپشتییە داراییەکانی بۆ کەرتی سووتەمەنی بکاتەوە.
مستەفا تەها، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان لە هەولێر دەڵێ "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەو پاڵپشتییەی لەئەستۆ دەگرت. بێگومان ئەوەش کاریگەری لەسەر داهاتی گشتی دەبوو، ساڵانە بە ملیار دینار تەرخان دەکرا بۆ پاڵپشتی سووتەمەنی بەتایبەتی بەنزین، بەڵام بەهۆی نەمان یاخود بڕینی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا، ئێستا حکومەت ناتوانێت ئەو پاڵپشتییە بکات، چونکە بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت".
بەردەوامی قەیرانی دارایی، کەمبوونی رێژەی هەناردەکردنی نەوت و دابەزینی نرخەکەی، حکومەتی ناچارکردووە پرسی بەرهەمهێنان یان هاوردەکردنی بەنزین بەتەواوەتی رادەستی کەرتی تایبەت بکات. بازرگانانی بەنزین پێیانوایە بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەت و بۆ هاوسەنگی بازاڕ، کەمترین قازانج لەو سووتەمەنییە وەردەگرن.
هۆگر موسڵح، بازرگانی بەنزین دەڵێ "لە دوو مانگی رابردوو ئێمە لیترێک بەنزینی نۆرماڵمان بە 620 دینار دەکڕی و بە 650 دینار دەمانفرۆشتەوە، واتا لە هەر لیترێک لاینی کەم 25 دینار قازانجمان هەبوو. ئێستا ئەو خێرە نەماوە، ئێستا بەنزین بووەتە 700 دینار و دەبێ بە 725 بیفرۆشمەوە، بەڵام من هێشتا بە 700 دینار دەیفرۆشم".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەماوەی 10 ساڵدا و لەنێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2016، حکومەت لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە 40 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، کە 20 ملیار دۆلاری بەتەنیا تەرخانکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی سووتەمەنی: بەنزین و گازوایل 8 ملیار دۆلار و 12 ملیار دۆلاریش بۆ دابینکردنی گازوایلی هەرزان بۆ وێستگەکانی کارەبا.
حکومەت لەو کاتانەدا لیتری بەنزینی بە 1200 دینار هاوردە دەکرد، کەچی بە 450 دینار دەیفرۆشتەوە. گازوایلیشی بە 1200 دینار هاوردە دەکرد و بە 400 دینار دەیفرۆشتەوە. دوای نەمانی پاڵپشتییەکانی حکومەت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئێستا هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان 700 بۆ 750 دینار دەفرۆشرێت.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار



