رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی رایگەیاند، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندوو هۆکارە کە نەتوانن نرخ کۆنترۆڵ بکەن؛ دەشڵێت، پێشنیازیشیان کردووە مریشک لە سەربڕخانەکانەوە بدرێتە مریشکفرۆشان.
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکی کرد گوتی، پیشەسازیی گۆشت و پەلەوەرخانەکان هەم پێشکەوتن و، هەم کێشەی گەورەشی هەیە.
جەمال حوسێن دەڵێت، تەنیا لە سەنتەری سلێمانی 600 پەلەوەرخانە هەن. توانای ساڵانەیان 35 بۆ 40 ملیۆن مریشکە ئەگەر بە توانای خۆیان کاربکەن. لەکاتێکدا خواست لەسەر مریشک 60 بۆ 65 هەزار مریشکە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، جگە لەو پەلەوەرخانانەی مۆڵەتیان هەیە، هەندێک پەلەوەرخانەش بە زێدەڕۆیی دروستکراون. کە بە گوتەی ئەو کەس نازانێ لە کوێ مریشک و هێلکە دەهێنن و دەفرۆشن، بۆیە دەبنە هۆی کێشەی تەندروستی و ئامارەکانی ئەوانیش تێکدەدەن، بۆیە ناوەکانیان دەنێرین بۆ یەکە کارگێڕییەکانی قەزا و ناحیەکان یان دادگەکان.
جەمال حوسێن دەڵێت، ئێستا سەربڕخانە فەرمییەکان رۆڵی خۆیان نابینن، خەڵک زیاتر خواستی لەسەر مریشکی زیندوو و گەورە هەیە. ئەگەر ئەمە کاری لەسەر نەکرێت، زەحمەتە سەربڕخانەکان بتوانن رۆڵی خۆیان ببینن.
لەبارەی مریشکفرۆشەکانی سەر شەقامیش کە لەوێ سەردەبڕن و دەفرۆشن، دەڵێت، یەکێکە لە هۆکارەکانە نەتواندرێت نرخ کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بە گوتەی جەمال حوسێن، پێشنیازیان کردووە مریشک لە سەربڕخانەکان هاوشێوەی ئاژەڵ سەربڕێت. لەوێشەوە بدرێتە مریشکفرۆشەکانی گەڕەکەکان و سەر شەقامەکان.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی دەشڵێت، لە سلێمانی هەندێ مارکەی مریشک بە ناوی نێوخۆ هەیە کە مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی نییە و لۆگۆی خۆیان هەیە. سەربڕخانەکان دەبێت مۆڵەتی خۆیان هەبێت. بەڵام ئێستا "سەربڕخانەی لابەلا" هەیە.
ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی هاوردەکردنی مریشکیش دەڵێت، یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکان ئەوەیە مریشکی بەستووی هاوردە دەکرێت و هێشتا قەدەخە نەکراوە، لەکاتێکدا بەرهەمی ناوخۆ زۆرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ