سامانە سرووشتییەکان: هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە

11-10-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەرێمی کوردستان لەسەر داوای بەغدا بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە. ئەمەش بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس.
 
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە وزە لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، لە 2ی ئەیلولەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
 
عێراق بەردەوام زیاد لەو بڕە نەوتەی بەرهەمهێناوە کە ئۆپێک پڵەس بۆی دیاریی کردووە. هاوکات بەڵێنیشی داوە  قەرەبووی زیاد بەرهەمهێنانی پێشوو بکاتەوە، بەڵام داتاکانی بلوومبێرگ دەریدەخەن وڵاتەکە لە مانگی ڕابردوودا هێشتا نەوتی زۆری بەرهەمهێناوە.
 
لیژنەی هاوبەشی وەزاری ئۆپێک+ بۆ چاودێریکردنی بەرهەمهێنان پشتڕاستی کردەوە کە رووسیا و عێراق و کازاخستان ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادبوونی بەرهەمی پێشوو.
 
لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
 
پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.
 
کەمال محەممەد گوتی، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە، هەرێمی کوردستان ملیاران دۆلار داهاتی لەدەست داوە، عێراقیش خۆی زیاتر لە 16 ملیار دۆلار زیانی کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە دۆخێکە هەمووان تێیدا دۆڕاون، کەسیش سوودی لێ وەرناگرێت".
 
تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک لە یاسای بودجەی عێراقدا، بە 8 دۆلار دانراوە. بەڵام لە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە سەرووی 26 دۆلار دانراوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەوە، دەبێت یان یاسای بودجە یان گرێبەستەکان هەموار بکرێنەوە. ئەمە بەربەستی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە