بۆ پێنجەم مانگ لەسەریەک رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دابەزی

11-09-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەمریکا هەڵاوسان دابەزی، ئەمەش ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاتر دەکات.

ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی کاری ئەمریکا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە بۆ 2.5% دابەزیوە. لە مانگی تەمموزدا رێژەکە 2.9% بووە. لەسەر ئاستی مانگانەش، هەڵاوسان 0.2% زیادبووە.
 
ئەمە پێنجەمین مانگی لەسەریەکە هەڵاوسانی ساڵانە لە ئەمریکا دادەبەزێت. نزیکیش دەبێتەوە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە کە 2%ـە. ئەوەش ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاتر دەکات.
 
هەڵاوسانی بنەڕەتیش لەسەر ئاستی ساڵانە کە سەرجەم نرخەکان دەگرێتەوە جگە لە نرخی خۆراک و وزە، هاوشێوەی مانگی تەمموز لە مانگی ئابیشدا 3.2% بووە. لەسەر ئاستی مانگانەش 0.3% دابەزیوە.
 
دابەزینی نرخی بەنزین، هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی هەڵاوسانی ساڵانە لە ئەمریکا. 
 
پێشتر بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە داوە متمانەیان هەیە بە دابەزینی هەڵاوسان بۆ 2%. سەرنجی سەرەکیشیان دەکەوێتە سەر پشتیوانیکردنی بازاڕی کاری وڵاتەکە.
 
لەم نێوەندەشدا، پێشبینی دەکرێت بۆ زیادکردنی دامەزراندن و گەشەی ئابووری، دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکەن.
 
بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو 18-9-2024، کاژێر 21:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوود رابگەیێنێت.
 
ئێستا رێژەکە 5.50%ـیە؛ پێشبینی دەکرێت بۆ 5.25% کەمبکرێتەوە.
 
لە ئاداری ساڵی رابردووە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە و، ئێستا رێژەکە 5.50%ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 23 ساڵی رابردوودا.
 
هۆکارەکە ئەوە بوو؛ لە حوزەیرانی 2022ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 9.1%. ئەو کاتە رێژەکە بەرزترین ئاست بوو لە 40 ساڵی رابردوودا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە