رووداو دیجیتاڵ
یەک ئۆنسە زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە بە 2360 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (10-05-2024) نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ ئاستی 2378 دۆلار، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕەکان هەندێ لە قازانجەکانی لەدەستدا.
فلیپ سترەیبڵ، بەڕێوەبەری بەشی کاڵاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری (بلوو لاین فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی رۆژی هەینی نرخی زێڕ زیاتر هۆکارەکەی تەکنیکی بوو، بەڵام داتاکانی هەفتەی رابردوو پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا یارمەتیدەر بوون."
ئەم هەفتەیە داتاکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی نیسان لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری بەرچاو لەسەر بازاڕی زێڕ دابنێن.
جیم وایکۆڤ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کیتکۆ) دەڵێت: "ئەگەر هاتوو داتاکانی هەڵاوسان کە ئەم هەفتەیە بڵاودەبنەوە، هێمای بەرزبوونەوەی هەڵاوسانیان پێوەدیار بوو، ئەوا هیچ هیوایەک نامێنێت بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە لە ماوەیەکی کورتخایەندا."
بەپێی جیم وایکۆڤ، داتاکانی هەڵاوسان دەتوانێت بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ سنووردار بکات.



