عێراق داوای حەوت ملیار دۆلاری کاش لە ئەمریکا دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێناس ساڵح
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای حەوت ملیار دۆلار لە ئەمریکا دەکات. خەزێنەی ئەمریکاش مەرجی هەیە بۆ ناردنی. شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت: "حکومەتی عێراق بۆ چارەسەری کورتهێنانی دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ئەو داوایەی لە ئەمریکا کردووە".
 
محەممەد شیاع سوودانی، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا بە فەرمی و بە نووسراو داوای حەوت ملیار دۆلاری کاشی لە ئەمریکا کردووە کە لە دەرەوەی مەزادی بانکی ناوەندی بۆی بنێرێت.
 
هێڤیدار شەعبان، شارەزای دارایی ئەمڕۆ 10-10-2024 میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو گوتی: حکومەتی عێراق کورتهێنانی لە دینار هەیە و مانگانە تووشی کێشە دەبێت بۆ دابینکردنی دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی، داوای ئەو بڕە دۆلارەی لە ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی بیداتە کۆمپانیا و سەرمایەدارانی عێراق لە بەرامبەر دا دیناری دەست بکەوێت، چونکە ئێستا حکومەتی عێراق نزیکەی 60 بۆ 70 تریلیۆن دیناری بانکەکان قەرزارە".
 
پێشتر عێراق هەمان داواکاری لە ئەمریکا کردوە، بەڵام تەنیا بڕی دۆلار بۆ مەزادی بانکی ناوەندی زیاد کرد.
 
ئەو شارەزایەی دارایی، گوتی: "ئەمریکا رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی پێنج ملیار دۆلار بە کاش بۆ عێراق داوە، بەڵام دوو مەرجی هەیە".
 
لە بارەی مەرجەکانەوە هێڤیدار شەعبان گوتی: "مەرجەکانی ئەمریکا ئەوەیە عێراق چیدی داوای لابردنی سزادانی 32 بانکەکە نەکات کە بێبەشی کردوون لە مامەڵەکردن بە دۆلار ئەو ژمارەیە دەکاتە 50% بانکەکانی عێراق، کە خاوەنی 64 بانکە. ژمارەی بانکەکان لە عێراق کەمبکرێنەوە بۆ خوار 40 بانک بۆ ئەوەی بە ئاسانی کۆنترۆڵی مامەڵە بازرگانییەکانی بکات".
 
لە 2003 تاوەکو 2008 ئەمریکا ساڵانە لە نێوان 10 تاوەکو 12 ملیار دۆلاری بە کاش بە فڕۆکە دەگواستەوە بۆ عێراق، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا پێدانی پارەی کاش بە عێراق گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
 
بەپێی هەندێ راپۆرتی دارایی ئەمریکا ئەم ساڵ تەنیا یەک ملیار دۆلاری کاشی بۆ عێراق ناردووە. بەو هۆیەوە کێشەی کەمی دۆلاری بەردەستی بانکەکان سەریهەڵداوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە