رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایگەیاند، هەر گۆرانکارییەک لە گرێبەستەکانی نەوت رووبدات، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی رازی ببێت، دەشڵێت: "نابێت گۆڕانکاری دارایی بەسەر گرێبەستەکان بێت."
رۆژی دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی دوێنێ باش و ئەرێنی و بەرهەمدار بوو. بەڵام دەبێت لە رۆژان و هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت".
رۆژی یەکشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە بەغدا کۆبوونەوە.
حکومەتی عێراق تێبینی لەسەر گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوت هەیە و داوای هەموارکردنەوەیان دەکات. مایڵز گوتی: "هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکان بکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێی رازی ببێت، چونکە گرێبەستەکانی ئێستا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانە... بۆیە کۆمپانیاکان رێککەوتنێک ناکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نەبێت."
گوتەبێژی ئەپیکور گوتیشی: "هەر گۆڕانکارییەک کە لە گرێبەستەکان رووبدات، نابێت گۆڕانکاری دارایی بەدوادا بێت. ئەگەر بڕێکی سەدی لە فڕۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوتدا هەبێت، کە کۆمپانیاکان وەریدەگرن، دەبێت هەمان بڕی سەدی لە گرێبەستەکانی داهاتوودا هەبێت".
ئەمڕۆ دووشەممە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە میدیای عێراقی گوت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک 'رێوشوێنێکی بەپەلە' دەبینن بۆ فرەچەشنکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت. دەشڵێت، هیوادارە لە 'رۆژانی کەمی داهاتوودا' رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، وەک "رێوشوێنێکی بەپەلەش، کار لەسەر "خێرا کاراکردنەوە"ـی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا دەکەن تاوەکو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە نەوت هەناردە بکرێت.
حەیان عەبدولغەنی دەڵێت: "دانوستاندن لەگەڵ لایەنی تورکی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەوە"، کە مەبەست لێی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
لەبارەی دەرەنجامی کۆبوونەوەکانیش، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: "لێکتێگەیشتن هەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت. بەرەوپێشچوون هەیە و هیوادارین لە 'رۆژانی کەمی داهاتوو' بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
وەزیری نەوت گوتیشی: "رێککەوتن هەیە لەگەڵ برایانی هەولێر کە نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بەبازاڕ بکرێ. نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت و گرێبەست واژۆ بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتەکە دەکڕن. داهاتەکەشی لە هەژمارێک لە بانکی ناوەندی دادەنرێت. رێککەوتنە کراوە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن. تەنیا ماوە نەوت هەناردە بکرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ