رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ بەهای لیرەی سووری دابەزی و دیناریش کەمێک بەرزبووەوە.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 09-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەک ملیۆن لیرەی سووری ئەمڕۆ 240 هەزار دینارە".
دوێنێ لیرەی سووری گەیشتە بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردووی، ملیۆنێک لیرە بە 285 هەزار دینار فرۆشرا. رەوەز میرزا دەڵێت، "هۆکاری دابەزینەکە هەبوونی لیرەی زۆر و خواستی کەمە لە بازاڕدا".
هەفتەی رابردوو و پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ملیۆنێک لیرە 100 هەزار دیناری عێراقی بووە.
لەبارەی دینارەوە رەوەز میرزا گوتی، 100 دۆلار بە 150 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ 100 دۆلار بە زیاتر لە 151 هەزار دینار فرۆشرا.
هەر ئەمڕۆ بەشێوەی حەواڵە 100 دۆلار بەرامبەر 7 ملیۆن و 200 هەزار تمەنی ئێرانییە. هاوکات 100 دۆلار بەرامبەر 3 هەزار و 400 لیرەی تورکییە.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو 100 یۆرۆ 157 هەزار دینارە. 100 پاوەن 187 و هەزارە و هەزار کرۆنی سوێدیش بەرامبەر 120 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ