سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: ئەمشەو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت

09-06-2023
هیدایەت جان
لێدوانی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ رووداو
لێدوانی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان لە رێککەوتن لەسەر بودجە نزیکن و بە هەر شێوەیەک بێت ئەمڕۆ بودجە لە پەرلەمان تێدەپەڕێنرێت. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بۆ رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو مادانەی هێشتا دەنگیان لەسەر نەدراوە، کۆبوونەوەی پەرلەمان دواخراوە. 
 
کاژێر 17:00ی رۆژی هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023 نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بدرێت بە لایەنە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر دەقی کۆتایی ئەو مادانەی دەنگیان لەسەر نەدراوە، دانیشتنی پەرلەمان دواکەوت." 
 
ئەمڕۆ چەندین کۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەڕێوەچوو و هادی عامری وەکو نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆبوویەوە. بە گوتەی نەرمین مەعرووف، "کەمێکە کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان کۆتاییهاتووە؛ بۆیە تاوەکو ئێستا دوایین رەشنووسی ئەو مادانەی دەنگیان لەسەر نەدراوە، رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نەکراوە." 
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، "بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ لە پەرلەمان ئامادەبوون و کۆبوونەوەکانی نێوانیان کۆتایی هاتووە، پێدەچێت لەیەک نزیکبوونەوە هەبێت و رێککەوتن کرابێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی پەرلەمان دەستپێبکات." 
 

 
هاوکات هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بە هەر شێوازێک بێت دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت؛ بۆیە هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنە سیاسییەکان دەیانەوێت بە لێکتێگەیشتنێکی باش لەسەر هەموو ئەو کێشانەی کە هەن رێکبکەون." 
 
ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لەگەڵ نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مادەکانی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق کۆبوونەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوو. ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە رێککەوتن نزیک بووینەتەوە و رەنگە لەسەر دەقە کۆنەکە رێکبکەوین، چونکە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراقیش لەسەر هێڵ بوو." 
 
ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رێککەوتن لەسەر بڕگەکانی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، هادی عامری وەکو نوێنەر دەستنیشان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی و یەکێتی. د. فوئاد حوسێن و شاخەوان عەبدوڵڵا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بوون لە کۆبوونەوە لەگەڵ هادی عامری و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خالید شوانی و نزار ئامێدی وەکو نوێنەر بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەستنیشان کردبوو، هاوکات سەرۆکی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون.
 
بەرەبەیانیی 9ى حوزەیران، پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر شەش مادەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دا و مادەیەکى لابرد و مادەیەکى جێهێشت بۆ لیژنەى دارایی. بڕیاربوو کاژێر 01:00ى ئەمڕۆ هەینى پەرلەمانى عێراق بۆ دەستپێکردنەوەى دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجە کۆببێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنەبووەتەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە