رووداو دجیتاڵ
لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما دەشتەکانی گەرمیان زەردهەڵگەڕان و وەرزی دروێنە دەستی پێکرد, جووتیارانی گەرمیان خەریکی دروێنەوە رەنجی ئەم ساڵیانن، لەگەڵ وەی ئەم ساڵ ساڵێکی پڕ باران بووە و بەرهەمی جووتیاران زیادی کردووە، بەڵام هەموویان زۆر نیگەران بوونە لەبەر هەرزانی نرخی گەنم کە بۆ ئەمساڵ دیاری کراوە.
هانا محەممەد خەریکی دروێنەوەی رەنجی ئەمساڵێتی
لەگەڵ ئەوەی ئەم ساڵ تەڕەساڵ بوو، بەڵام هەرزانیی نرخی گەنم جووتیارانی نیگەران کردووە و چاوەڕێی قازانجێکی زۆر نین.
هانا محەممەد، جووتیارە و سەبارەت بە نیگەرانییەکانی لەبارەی نرخی گەنمی ئەم ساڵ بە رووداوی گوت:" لەخوا بەزیادبێت گەنمی ئەم ساڵ باشە، بەڵام پارەکەی هیچ نییە چاوەڕێمان دەکرد لە پار باشتربێت، بەڵام ئەم ساڵ لەبەر ئەو نرخەی دیاری کراوە داهاتێکی ئەوتۆمان نابێت”.
حکومەتی عێراق نرخی دیاری کراوی بۆ گەنمی جووتیاران بە دوو جۆر داناوە، نرخی گەنمی ئەو زەوییانەی لە پلانی کشتوکاڵیدانە کیلۆی بە 700 دینار و گەنمی ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیدانە کیلۆی بە 500 دینار لە سایلۆکان وەردەگرێت.
عوسمان ئەمین، لە گەرمیان بازرگانی گەنمە، باسی کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران دەکات و لەبارەی کێشەی کڕینەوەی گەنم و فرۆشتنەوەی بە حکومەت دەڵیت: "ئێمە بۆیە بەو نرخە وەری دەگرین حکومەتی عيراق ئەو 700 هەزار دینارەی دایناوە 25 هەزاری بنەتۆ دەیبات و کوردستانیش هیچ سوودێکی لەو بنەتۆوە نەبینیوە، 25 هەزاریش بۆ کەموکورتی لە سایلۆکانە کە دەیبڕن، 650 هەزار دەمێنیتەوە، هیج ساڵێک لەم ساڵانەی دوایی لە 2023 تاوەکو ئێستا رەسیدی گەنم لە 150 هەزار کەمتر نەبووە”.
بە گوێرەی بەداواداچوونی هونەر حەمید، لە ساڵی 2014ـوە دوای دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی، وەزارەتی کشتوکاڵ هاوکارییەکانی بۆ جووتیاران سنووردار کردووە.
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند:”پێش 2014 ئیمە بانکی کشتوکاڵیمان کارابوو، سولفە دەدرا بە جوتیاران بۆ کڕینی ئامێری کشتوکاڵی، سیستەمی ئاودێری، بریکەندن و کارەبا کێشان ئەمانە هەمووی بە سولفە بوو" بەڵام ئێستا ئەو هاوکارییانە نەماون.
پار لە کۆی 89هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی گەرمیان تەنیا 39هەزار و 500 تۆنی حکومەت وەریگرت، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ 268 هەزار تۆن بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە سایلۆکان چەند تۆن وەردەگرن.