‏‏‏یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكاران: ئاڵۆزییە سیاسییەكان جووڵەی بازرگانییان سست كردووە

08-10-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏كوردستان دەڵێت، ‏تەشەنەكردنی شەڕی ‏ئیسرائیل و حەماس بۆ لوبنان، بووەتە هۆكاری سستبوونی جووڵەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان ‌و بەشێک لەو ‏وڵاتانەی بازرگانییان لەگەڵ دەكات.‏
 
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان ‏لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی ‏(بەكاتی ‏سلێمانی)ی رادیۆی ‏رووداو، ‏كە ‏ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، ‏رایگەیاند، ئاڵۆزییە سیاسییەكانی ‏ناوچەكە بەتایبەت تەشەنەكردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ لوبنان، بووەتە هۆكاری سستبوونی بازرگانی لە ناوچەكەدا، ‏‏"بازرگانان مەترسییان هەیە و هەموو پارەكەیان ناكەنە خۆراك ‌و كاڵا؛ بۆیە هەفتەیەكە سستییەك لە جووڵەی بازرگانی دروستبووە."
 
مستەفا عەبدولڕەحمان دڵنیایی دا كە خۆراك ‌و پێداویستیی دیكە لە كۆگاكانی ‏سلێمانی دا زۆرە، ئەگەر ئاڵۆزی عێراقیش بگرێتەوە، ئەوا بەشی شەش ‏مانگ خۆراك لە كۆگاكاندا هەیە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی خەڵكی هەموو پێکەوە دەست بە كڕینی پێداویستی نەکەن.
 
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏كوردستان گوتی، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە زیاتر هاوردەكردنە نەوەك ‏ئاڵوگۆڕی بازرگانی ‌و رایگەیاند، "هێشتا ئاستی هەناردەمان كەمترە لە 5%. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی هەمانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نییە، بەڵكو ‏زیاتر هاوردەی كاڵا‌ و خۆراكە."
 
لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ‏ئەو وڵاتانەی بازرگانییان لەگەڵ دەكات، مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا ‏لە پلەی یەكەمدایە و ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلارە، لەگەڵ ‏ئێرانیش 6 ملیار دۆلار ‌و لەگەڵ چینیش 5 ملیار دۆلارە.
 
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ‏ناردنكارانی ‏هەرێمی ‏‏‏كوردستان لەو بڕوایەدا ‏نییە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ببێتە هۆكاری ‏گرانبوونی خۆراك، كاڵا‌ و پێداویستییەكانی دیكە لە بازاڕدا، چونكە "‏حكومەتی عێراق بەهای 100 دۆلاری بۆ بازرگانان بە 132 هەزار دینار ‏دیاری كردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە