رووداو دیجیتاڵ
داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین تەنیا 11 ملیار و 207 ملیۆن دینار و بووە زیاتر لە 14 ملیار دینار کەمیکردووە. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیش هۆکاری کەمبووەنەوەکە ئاشکرا دەکات.
بەپێی وێبسایتی شەفافیەت کە قوباد تاڵەبانی نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بۆ خستنەڕووی داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە وەکو پڕۆژەیەکی سەربەخۆ رایگەیاند، داهاتەکانی هەفتەی رابردووی ئەو دوو پارێزگایە بە ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینیشەوە، واتە لەنێوان 2 بۆ 8ـی مانگی ئەیلوول، 11 ملیار و 207 ملیۆن و 645 هەزار دینار بووە، لە کاتێکدا داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە و دوو ئیدارە سەربەخۆکەی، لەنێوان 26ـی ئاب تاوەکوی یەکی ئەیلوول، 25 ملیار و 220 ملیۆن و 927 هەزار دینار بووە.
بەپێی لێکدانەوەی ژمارەکان دەردەکەوێت داهاتی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لەم هەفتەیەدا 14 ملیار و 13 ملیۆن و 282 هەزار دینار بەبەراورد بە هەفتەی رابردوو کەمیکردووە، واتە رێژەی کەمکردنەکە 55٪ دەبێت.
بەپێی ژمارەکانی وێبسایتەکە لەو 11 ملیار و 207 ملیۆن و 645 هەزار دینارە، 7 ملیار و 776 ملیۆن و 693 هەزار دیناریان بە نەختینە بووە کە رێژەی 69٪ دەکات، دوو ملیار و 876 ملیۆن و 634 هەزار دیناریش کە رێژەی 26٪ دەکات چەک بووە. 554 ملیۆن و 316 هەزار دیناریش کە 5٪ دەکات بەشێوەی مەقاسە بووە.
رۆژی هەینی، 8-9-2023 سیروان محەممەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆرینەی کەمبوونەوەکە بەهۆی داخستنی سنوورەکانی ئێران و تاڕادەیەکی زۆر راوەستانی جووڵەی بازرگانییەوە بەهۆی یادکردنەوەی چلەی ئیمامی حوسێنەوە، بووە."
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو وێبسایتەی راگەیاند کە ماوەیەک یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ کرد، بەڵام حکومەتی کوردستان لە هیچ سەکۆیەکی ئەلیکترۆنیی خۆی وێبسایتەکەی نەناساند و کاری بۆ نەکرد.
وێبسایتەکە لە هەشت بەش پێکدێت، لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە، سەرجەم ئەو داهاتانەی بەشێوەی دیجیتاڵی تێدا دەردەکەوێت کە رۆژانە، مانگانە و ساڵانە لەو سنوورەدا بەدەست دێن.



