رووداو - هەولێر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ترلیۆن و 405 ملیار دیناری داوەتە بانکە بازرگانییەکان. هەروەها 3 ترلیۆن و 500 ملیار دیناریشی بە بانکە پسپۆڕییەکان داوەو بانکەکانیش ئەو پارەیان داوەتە کۆمپانیاکانی کوردستان، ئەو قەرزە زیاترە لە 4 ملیارو 100 ملیۆن دۆلار، ئەوە لەکاتێکدایە حکومەت بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت. لەدوای ساڵی 2003 و وەک هاندانی کەرتی تایبەت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی کەمی سووی بانکی کە لەنێوان 6% تا 11% یە، قەرزی داوەتە کۆمپانیاکانی بواری پیشەسازی و ئاوەدانی و کشتوکاڵی و بەشێک لەو کۆمپانیانەش لەکاتی خۆیدا قەرزەکانیان نەگێڕاوەتەوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی راگەیاند ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی دەستگیرۆیی کۆمپانیا ئەهلییەکانە بۆ بەشداربوونیان لە گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، بۆیە باشترە هیچ کۆمپانیایەک هەوڵ نەدات ئیستغلالی حکومەت بکات،چونکە بۆی ناچێتەسەر و گوتی: "هەر کۆمپانیایەک پێش دەستپێکردنی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە کوردستان کردووە، وادەی گێڕانەوەی قەرزی هەبووبێت بۆ حکومەت و نەیگێڕابێتەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرینەبەر". پشکی کۆمپانیاکانی هەولێرو دهۆک لە قەرزی بازرگانی زیاتر لە 900 ملیارو سلێمانیش 509 ملیار دینارە. قەرزی پسپۆریش بوارەکانی قەرزی کشتوکاڵی،گەشتیاری، خانووبەرە، نیشتەجێبوون و هاوسەرگیری دەگرێتەوە. ماوەی گێڕانەوەی قەرزە بازرگانییەکانی حکومەت بۆ کۆمپانیاکان یەک ساڵە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەت، هەندێک جار هاوکاری کۆمپانیاکان دەکرێت و دوو ساڵ یان سێ ساڵ مۆڵەتیان پێدەدەن، بۆ درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەش هەندێک جار ئەنجوومەنی وەزیران یان پەرلەمانی کوردستان ئەو بڕیارەی داوە. قەرزی پیشەسازییش هەندێک جار بۆ ماوەی 20 ساڵ دەدرێت بە کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمیش لەدوای ساڵی 2003 بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستی کردووە بە پێدانی ئەو قەرزانە. حکومەتی هەرێم لە 11 ساڵی رابردوودا نزیکەی 65 ملیار دۆلاری وەک بودجە لە عێراق وەرگرتووەو زیاتر لە 4 ملیار دۆلاریشی وەک قەرز داوەتە کۆمپانیا ناوخۆییەکان وەک بەشێک لەسیاسەتی هاندانی کەرتی تایبەت و پشتیوانیکردنی وەبەرهێنی ناوخۆیی. سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی بە رووداوی راگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لەو سیاسەتەو بەپێی باشبوونی بودجەی حکومەت، کۆمەکی وەبەرهێنی ناوخۆیی زیاد دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە وەزارەتی دارایی لەماوەی یەک مانگدا لێکۆڵینەوە بۆ دامەزراندنی سندوقی قەرزی پیشەسازی و هاوسەرگیری و خانووبەرە بکات و پاشان ئەو سندوقانە دابمەزرێنێت. لەماوەی رابردوودا بێ ئەوەی هیچ سندووقێک هەبووبێت، حکومەت ئەو قەرزانەی لە خەزێنەی گشتی داوە بە هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان و کاتێکیش قەرزەکانی وەرگرتۆتەوە، تێکەڵی خەزێنەی گشتی کراوەتەوە.