نرخی زێڕ بۆ 2395 دۆلار بەرزبووەوە

دوێنێ کاژێر 07:47
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەهۆی تەشەنەکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەرزبووەوە. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە 2380 دۆلارەوە بۆ 2395 دۆلار بەرزبووەوە.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا رایگەیاند، بنەمای بازاڕی زێڕ بە بەهێزی ماوەتەوە، لەبەر گرژییە جیۆسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دابەزینی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا.
 
لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران بە ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسای راگەیاند، وڵاتەکەی بێدەنگ نابێت لەبەرامبەر کردەوەکەی ئیسرائیل کە بووە هۆکاری کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس.
 
لەلایەکی دیکەوە، سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا دابەزیوە و ئەوەش پاڵپشتیی بۆ کڕینی زێڕ دروستکردووە.
 
سێ بانکی گەورەی ئەمریکا (جەی پی مۆرگن، سیتی گرووپ و وێڵس فارگۆ) دوای بڵاوبوونەوەی ئامارە لاوازەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو، پێشبینییان کردووە بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.5٪ لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی خۆی کەمبکاتەوە.
 
دابەزینی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری بەهای دۆلار کە بە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.
 
ئەمڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاودەبنەوە و دەردەکەوێت کە چەند کەس لەو وڵاتەداوای بیمەی بێکارییان کردووە کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دابنێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە