ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا بەهای یۆرۆی دابەزاند

08-07-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە فەرەنسا هاوپەیمانیی چەپەکان براوەی خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوون، ئەوەش بووەتە رێگر لەبەردەم مارین لوپێنی راستڕەو بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت یان بەشێک بێت لە حکومەتی داهاتووی فەرەنسا.
 
هەرچەندە بازاڕەکانی ئەورووپا پێشوازی لە دۆڕاندنی راستڕەوەکان دەکەن، بەڵام بردنەوەی چەپەکان و ئەو پلانە ئابوورییانەی، هەیانە دەبنە بەربەستی گەورە لەبەردەم چاکسازییەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە بە دۆستی بازاڕ ناسراوە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە (8-7-2024) لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا، بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و یەک یۆرۆ بە 1.083 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هۆڵگەر شمیدلینگ، ئابووریناسی سەر بە بانکی (بێرێنبێرگ)ـی ئەڵمانی لەو بارەیەوە رایگەیاند "ئەستەمە بە ئاسانی حکومەت لە فەرەنسا پێکهبێنرێت و بە ئەگەری زۆرەوە، حکومەتێک پێکدێت بە هاوپەیمانی چەپەکان و پارتەکەی ماکرۆن."
 
هۆڵگەر پێیوایە چەپەکان، ماکرۆن ناچاردەکەن پاشەکشە لە هەندێ لە چاکسازییەکانی بکات.
 
بەپێی ئەو ئابووریناسە، ئەنجامی هەڵبژاردنی فەرەنسا دەکرا زۆر خراپتر بێت بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، بەتایبەتی ئەگەر وەک خولی یەکەمی هەڵبژاردن، لە خولی دووەمیشدا راستڕەوەکان براوە بوونایە.
 
بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە فرانکی سویسریش بەڕێژەی 0.25٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 
پێنوێنی (یۆرۆ ستۆکس 50) کە نوێنەرایەتی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەوروپا دەکات لەگەڵ پێنوێنی فوتسی بازاڕی بۆرسەی لەندەن، ئەمڕۆ بەڕیژەی 0.1٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی. 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە