نرخی زێڕ و نەوت بەرزبووەوە

08-07-2023
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی نرخی نەوت لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بە رێژەی 3٪ بەرزبووەوە، بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕوو. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1925 دۆلار. 
 
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار و 95 سەنت بەرزبووەوە بۆ 78 دۆلار و 47 سەنت.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دوو دۆلار و شەش سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەوە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە دوای مانگی پێنجی ئەمساڵەوە و هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی تەکساس لە ئاستی هەفتانە بە رێژەی 5٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.
 
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە زۆربەی بازرگانان گرەویان لەسەر دابەزینی نرخی نەوت کردبوو."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "بۆ ماوەی دوو مانگ نرخی نەوتی برێنت لە نێوان 73 دۆلار بۆ 77 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و دەبێت بزانین ئایا نرخی نەوت توانیویەتی ئەو بازنەیە تێپەڕێنێت و بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە یان نیگەرانییەکانی پەیوەست بە رەوشی ئابووریی جیهان دووبارە نرخی نەوت دادەبەزێنێتەوە."
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1925 دۆلار
 
نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕە داراییەکان نزیکەی 15 دۆلار بەرزبووەوە بۆ 1925 دۆلار.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا روویدا کە تیایدا دەرکەوت لە مانگی شەشدا 209 هەزار هەلیکاری نوێ لە ئەمریکا رەخساوە کە کەمتر بووە لە پێشبینی ئابووریناسان.
 
کەمبوونەوەی ژمارەکانی هەلیکار لە ئەمریکا بازرگانانی زێڕی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە رەنگە لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، دەسەڵاتدارانی بانکەکە سوودی بانکیی بەرزنەکەنەوە، بەو هۆیەشەوە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
ئابووریناسان و کۆمپانیاکان پێشبینییان کردبوو کە لە مانگی شەشدا 225 هەزار هەلیکاری نوێ لە ئەمریکا بڕەخسێت.
 
ژمارەی هەلیکاری نوێ لە مانگی شەش بە رێژەیەکی بەرچاو کەمتربووە لە ژمارەکانی مانگی پێنج، بەوپێیەی کە لەو مانگەدا 339 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەلیکاری نوێ لە ئەمریکا لە رۆژی هەینی تەنانەت نرخی زێڕ توانی بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 1934 دۆلار، بەڵام دوای چەند کاژێرێک نرخی زێڕ دابەزی بۆ ئاستی 1925 دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە