راوێژکارێکی سوودانی: بۆ زیادکردنی داهات، پشت بە پەیڕەوێکی نوێی چاکسازیی باج دەبەستین

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق باج زیاد دەکات. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، حکومەت پشت بە پەیڕەوێکی نوێی چاکسازیی باج دەبەستێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 07-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق دەستی بە زیادکردنی داهاتی نانەوتی کردووە و یەکێک لەو رێگەیانەش زیادکردن و رێکخستنەوەی باجە، ئێستاش ئەو کارە دەستپێکردووە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، ئەو باجەی حکومەتی عێراق وەری دەگرێت پەسندە، نەوەک ئەوەی زۆر بێت.
 
هاوکات مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی شەممە 07-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەکو هەنگاوی یەکەم بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، حکومەتی عێراق پشت بە پەیڕەوێکی نوێی چاکسازیی باج دەبەستێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هەشت پاکێجی نوێی چاکسازیی سیستمی باج لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند کراون.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عیراق باسی لەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی دوو پاکێجیان دەستپێکردووە؛ ئەوانی دیکە هەنگاو بە هەنگاو دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی چاکسازیی حکومەتە لە بواری دارایی و زیادکردنی داهاتی دەوڵەت لە سەرچاوەکانی داهات و سامان لە دەرەوەی کەرتی نەوتی."
 
حکومەتی عێراق لیژنەی باڵای جێببەجێکردنی چاکسازیی باجەکانی پێکهێناوە و رۆژانی پێنجشەممە کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی 22-08-2024 محەممەد شیاع سوودانی لەکاتی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی چاکسازیی باج گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب داهاتی باج بە رێژەی 22٪ بەراود بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی  گوتی، حکومەت کۆمەڵێک رێکاری چاکسازی گرتووەبەر کە دەبێتە هۆی گەشە و پەرەپێدان.
 
لە یاسای بودجەی 2024دا داهات بە147 تریلیۆن و 836 ملیار دینار خەملێندراوە؛ داهاتی نەوتی 120 تریلیۆن و 496 ملیار دینار (81.5%) و داهاتی نانەوتی 27 تریلیۆن و 340 ملیار دینار (18.49%).
 
ساڵی رابردوو  لە یاسای بودجەدا داهاتی نانەوتی 17.3 تریلیۆن دینار بوو، ئەم ساڵ بۆ 27.3 بەرزبووەتەوە کە 10 تریلیۆن دینار زیادی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە