شیمشەک: تیمێکی پسپۆڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای لیرە دادەمەزرێنین

07-06-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرە گەنجینە و دارایی تورکیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار ئاشکراکرد و رایگەیاند، کاری هەرە لەپێشینەیان دامەزراندنی تیمی پسپۆڕی متمانەپێکراو و شارەزا دەبێت، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخی دراوی خۆماڵی بکەن. 
 
محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "کاری هەرە لەپێشینەمان دامەزراندنی تیمی پسپۆڕی متمانەپێکراو و شارەزایە. لە رێگەی ئەم تیمەوە بەرنامەیەکی تۆکمە و بەهێز دادەڕێژین بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخی دراوی خۆماڵی بکەین." 
 
محەممەد شیمشەک ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023، لەگەڵ 16 وەزیرەکەی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا، لەبەردەم ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد.
 
هەر ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی دراودا، یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 23.26 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەکرا و تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا 8٪ـی بەهاکەی لەدەستدا. ئەمە لە کاتێکدایە بەر لە دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی ئەم وڵاتە، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 20.90 لیرە بوو. 
 
محەممەد شیمشەک لە تویتەکەیدا نووسیوویەتی: "بۆ خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و تورکیایەکی ئاوەدانتر، لەمەودوا لەسەر بنەمای شەفافییەت، هاوسەنگی و لێپرسینەوەی بەردەوام دەست بەکارەکانمان دەکەین. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجە ناوخۆیی و ستاندەردە نێودەوڵەتییەکان رێڕەوی دارایی تورکیا بەهێزتر دەکەین و رێگە سەختەکان کورت و ئاسانتر دەکەین". 
 
دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا، دامەزراوە بیانییەکان پێداچوونەوەیان بە چاوەڕوانییەکانی لیرە بەرامبەر دۆلار کرد. بانکی (کۆمێرزبانک) کە پێشبینییەکانی بۆ بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار لە 20 لیرەوە بۆ 25 لیرە بەرزکردبووەوە، چاوەڕوان دەکات تاوەکو کۆتایی 2024 یەک دۆلار بگاتە 30 لیرە.
 
ئەم دابەزینە نوێیەی بەهای لیرەی تورکی لە بەردەوامیی کاردانەوەکانی شکستی بازاڕە داراییەکان و ئەنجامی ناسەقامگیریی بازاڕەکانە دوای گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و بڕیاری ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا، کە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 22ـی ئایاری ئەمساڵ جارێکی دیکە دەستکاری رێژەی سوودی بانکی نەکرد و لە 8.5٪ بە جێگیری هێشتییەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە