30 کیلۆ زێڕ لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر سووتاوە

07-05-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، چوار دووکانی زێڕنگری بە تەواوی سووتاون، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگران دەڵێت "زیاتر لە 30 کیلۆ زێڕ لەنێو ئەو دووکانانەدا بووە."  
 
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ، باسی لە ئاگرەکەی شەوی 5ـی ئەم مانگەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کرد و گوتی "نزیکەی 20 دووکانی زێڕنگری زیانیان بەرکەوتووە و تاڵکراون، بەڵام چوار دووکان بە تەواوی زێڕەکەیانەوە، کە زیاتر لە 30 کیلۆ زێڕیان تێدابووە، سووتاون و زێڕەکە بووەتە خۆڵ (مەبەستی ئەوەیە زێڕەکە تواوەتەوە )." 
 
ئەو دووکانانەی زێڕنگران کە لە بازاڕەکەدا بە زێڕەوە سووتاون، بە گوتەی هەندرێن وەرتی "پاشماوەی خۆڵەکەیان بردراوەتەوە بۆ ئەوەی هەر نەبێت بڕێک زێڕی تواوە و سووتاو، لەنێو  پاشماوەکە جیابکەنەوە."  
 
شەوی 05-05-2024 کاژێر 9:30 ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دوای سێ کاژێر ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا و بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، 227 دووکان و 7 کۆگەی بازاڕەکە سووتاون، ئاگرەکە زیانی گیانیی نەبوو.
 
هەندرێن وەرتی گوتی "لەکاتی ئاگرەکەدا کەسانێکی نامۆمان دەبینی دەیانویست بچنە نێو بازاڕەکەوە، مەبەستیان دزیکردن بوو نەوەک هاوکاریکردن. من، بەڵگەی ئەوەم لایە دزی کراوە، ئاسایش چەند کەسێکی دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بەردەوامە، با پێش لێکۆڵینەوەکان نەکەوین." 
 
ئەمساڵ دوو جار بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتاوە، کۆگەیەک لە پیشەسازیی باکوور و لە شەوێکیشدا دووکانەکانی بەردەم بازاڕی نیشتمان و چەند دووکانێک لەنێو بازاڕی نیشتمان سووتاون، هەندرێن وەرتی دان بەوەدا دەنێت "رەنگە کەمتەرخەمی لە مەرجەکانی سەلامەتی هەبێت"، بەڵام گومانیشی هەیە لەوەی ئەو رووداوانەی ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەست بن و "کەسانێک بیانەوێت زەفەرمان پێببەن." 
 
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر داوا دەکات لایەنی پەیوەندیدار هۆکاری ئاگرەکەیان بۆ روونبکەنەوە، "بازاڕەکەمان بۆ نۆژەنبکەنەوە و زیانلێکەوتووانیش قەرەبوو بکرێنەوە."
 
بازاڕی قەیسەری بە نزیکەی 4 هەزار دووکان و کۆگە لە جەرگەی شاری هەولێر هەڵکەوتووە. بازاڕێکی کۆن و مێژووییە،  ساڵی 2018ـش ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 110 دووکان سووتان.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی بانکی بازرگانیی عێراق.

TBI زیاتر لە دوو تریلیۆن دینارى قەرزى وەرگرتەوە؛ بەشێکى لاى هەرێمى کوردستان بووە

ئەو بڕە قەزانەى سەر بانکى بازرگانى عێراق ( تى بی ئاى) بڵاوکرانەوە کە تاوەکو کۆتایی حوزەیران وەرگیراونەتەوە. 1.6 تریلیۆن دینارى لەلاى کەرتى حکومى بووە بە هەرێمى کوردستانیشەوە. ئەندامێکى پەرلەمان دەڵێت: "ئەو قەرزەى بۆ مووچە دراوە سوودى ناچێتە سەر".