رووداو-هەولێر
وەزارەتی حەجی سعودیە خەرجی ڤیزەی ئەو کەسانەی گەڕاندەوە کە ویستبوویان گەشتی عومرە بکەن کە نزیکەی هەزار و 700 کەس بوون.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەو هاونیشتمانییانە لەرێگەی کۆمپانیاکانی تایبەت بە عومرە ڤیزەی گەشتی عومرەیان وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی راگرتنی گەشتی عومرە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەیانتوانی گەشتەکە ئەنجام بدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، سعودیە پارەی ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیان گێڕایەوە سەر ژمارەی کۆمپانیاکان کە بۆ ھەر عومرەکارێک بڕی 210 دۆلاری ئەمەریکی بوو.
نەبەز ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە، ئەو هاونیشتمانییانەی بەنیازی گەشتی عومرە بوون پارەیان دابووە کۆمپانیاکان، بەڵام گەشتەکەیان ئەنجام نەداوە، دەتوانن سەردانی کۆمپانیاکانیان بکەن و پارەکانیان وەربگرنەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
