وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەخەی لەسەر هاوردەکردنی تەماتە هەڵگرت

06-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە کە بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی کەمبووەتەوە و بەشی پێویستی هاونیشتمانییان ناکات، بۆیە بڕیاریان دا بە هەڵگرتنی باج و قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە. 
 
رۆژی چوارشەممە 06-11-2024 هیوا عه‌لی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بەدواداچوونمان، بۆمان دەرکەوت کە تەماتە لە بازاڕەکاندا کەمبووەتەوە و بەشی پێویستی هاووڵاتیان ناکات، ئەمە جگە لەوەی کە نرخەکەشی بەرزبووەتەوە، بۆیە بڕیارمان دا بە هەڵگرتنی باج و قەدەخەی سەر هاوردەکردنی تەماتە."
 
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەدا بڕیارەکە لەپێناو "بەرژەوەندی گشتیی و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی" و پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بووە.
 
هیوا عه‌لی گوتی: "سەرجەم لایەنە فەرمییەکانمان بۆ وەرگرتنی رێکاری پێویستیی کارگێری و یاسایی سەبارەت بەو پرسە ئاگادارکردووەتەوە." 
 
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان دوو هێندە بەرزبووە و لە بازاڕدا کیلۆیەک دوو هەزار دیناری تێپەڕاند.
 
9ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "لەسەر پێداگریی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقی لە هەرێمی کوردستان، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتیی جووتیاران، لەدوای دانوستاندن و گفتوگۆیەکی چڕ، بڕیار درا پاڵپشتیی جووتیاران و بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیاردراوە عێراق تەماتە لە هاوردە نەکات و دەروازەکان بەڕووی هاوردەکردنەوە دادەخرێت. ئەمەیش دەرفەتێکی زێڕین و گرنگە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
 
ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆدا وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان بۆ ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران، باج دەخاتە سەر هاوردەکردن، لەو چوارچێوەیەدا بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی کشتوکاڵ، تاوەکو 01-12-2024 هاوردەکردنی هەر کیلۆیەک تەماتە 750 دینار باجی لەسەر دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە