هێڵى گواستنەوەى گازى کۆرمۆر بۆ کەرکووک راکێشرا

06-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راکێشانى هێڵى گواستنەوەى گازى کێڵگەى کۆرمۆر لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ وێستگەیەکى کارەباى کەرکووک کۆتاییهات، کە دەتوانێت رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجار گاز بگوازێتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە دژى کڕینى گاز لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە.
 
ئەحمەد نەجمەدین، بەرپرسی هۆبەى بونیاتنان لە کۆمپانیاى هێڵەکانى نەوت لە کەرکووک کە سەر بە وەزارەتى نەوتى عێراقە، رۆژی دووشەممە 6-11-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پڕۆژەى راکێشانى هێڵى گواستنەوەى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەى کارەباى تازە، کۆتاییهات. پڕۆژەکە لە 5ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکرد و لەماوەى 15 رۆژدا تەواو بوو."

 

ئەو هێڵە تواناى هەیە رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە، وێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق

 
ئەحمەد نەجمەدین گوتیشى، "درێژیى هێڵەکە یەک کیلۆمەترە و ئامانج لێى گەیاندنى گازە بەو وێستگەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا هێڵەکە راکێشراوە و دواتر بەگوێرەى گرێبەستى نێوان وەزارەتەکانى نەوت و کارەبا و کۆمپانیاى سەرپەرشتیارى کێڵگەى کۆرمۆر، گاز لەو کێڵگەیەوە دەنێردرێت".
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق کە لە 5ـی تشرینى دووەمی 2023 بڵاویکردووەتەوە، ئەو هێڵە تواناى هەیە رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە بۆ وێستگەى کارەبای تازە لە کەرکووک بۆ ئەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا زیادبکات.
 
دانیاڵ هەمەوەندى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى کەرکووک رۆژی دووشەممە، 6-11-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، راکێشانى ئەو هێڵەى گازى کۆرمۆر بۆ وێستگەى تازە بەهۆى کەمى گازەوەیە. وێستگەکە سوود لەو گازە وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا".

 

درێژیى هێڵەکە یەک کیلۆمەترە، وێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق

 
دانیاڵ هەمەوەندى گوتیشی، "ئەو وێستگەیە سێ یەکەى بەرهەمهێنانى کارەباى تێدایە، کە بە هەر سێکیان 500 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەھێنن. ئێستا کەرکووک پێویستى بە 900 مێگاوات کارەبایە و لە وەرزی زستانیشدا پێویستى بە نزیکەى 1600 مێگاوات دەبێت".
 
ئێستا لە سنوورى کەرکووک زیاتر لە 20 کاژێر کارەباى نیشتیمانى هەیە و ئەوى دیکەى لەکاتى پێویستدا بە موەلیدەى ئەهلى پڕدەکرێتەوە. 
 
13ـی تەممووزى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى نێوخۆیی ئەو وێستگانە کە گاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنن. 
 
دواى ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى دژى ئەو بڕیارە تۆمارکرد.
 

تائێستا هێڵەکە تەنیا راکێشراوە، دواتر گاز لەو کێڵگەیەوە دەنێردرێت، وێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق

دواى چەند جارێک دواخستن، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی تشرینى دووەم کۆبوونەوەیەکى دیکەى دادگە لەسەر ئەو سکاڵایە بکرێت کە تێیدا سکاڵاکار داوا دەکات بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق بە نادەستوورى بناسێنرێت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کۆمپانیاى پێرڵ، کە لە کێڵگەى کۆرمۆر لە هەرێمى کوردستان کار دەکات.
 
عێراق پێویستى بە 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەى 26 هەزار مێگاواتە.
 
بەشێکى زۆرى سەرچاوەى کارەباى عێراق ئەو وێستگانەیە کە بە گازى سرووشتى کار دەکەن، بۆ ئەوە عێراق لە 12ـی تەممووزى 2023 رێککەوتنێکى لەگەڵ ئێران واژۆ کرد بۆئەوەى گازى سرووشتى لەو وڵاتەوە هاوردە بکات بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و لە بەرامبەردا نەوتى بداتێ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەنی ئێرانی.

گفتوگۆی ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە بەهای تمەنی بەرزکردەوە

ئێران و ئەمریکا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی ناوبردووە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە. ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.