رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بەنیازە سەرجەم بانکەکانی عێراق بە سیستمێکی یەکگرتوو ببەستێتەوە و داوا دەکات هەرێمی کوردستان رێکارەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمانیی حکومی تەواو بکات بۆئەوەی بخرێتە نێو سیستمەکە؛ هەروەها داوای لە بانکی ناوەندیی عێراق کردووە مۆڵەت بەو بانکە بدات کە بەپێی حکومەتی هەرێمی کوردستان "ئاسانكارییهكی تهواو بۆ هاووڵاتییان و فهرمانبهران و وهبهرهێنهران دهكات."
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، کە رۆژی دووشەممە 5ی حوزەیران بەڕێوەچوو، داوایکرد پەلە لە دامەزراندنی بانکی نیشتمانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە وەزیری پلاندانان، وەزیری دارایی، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان، راوێژکارانی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابوور و یاسایی و سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان ئامادەی بوون، چەند بابەتێک تاوتوێ کراون، لەوانە کردنەوەی ئەو بانکە حکومییەی، کە هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵ دەبێت کار بۆ دامەزراندنی دەکات.
لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، شاندێکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنى وەزیران، مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان ئامادەی بوون، تاوتوێی کردنەوەی بانکێکی حکومی بەناوی "نیشتمان"ەوە کرا، کە بڕیارە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، دوای وتووێژێکی چڕ و لەپێناو پێکەوەبەستنی سەرجەم بانکەکان لە عێراق بە یەک سیستمی یەکگرتوو، ئەنجوومەنەکە داوای لە هەرێمی کوردستان کرد رێکارەکانی کردنەوەی بانکی نیشتمان تەواو بکات و بانکی ناوەندییش بەپێی یاسا بەرکارەکان مۆڵەتی پێبدات و سەرپەرشتی و چاودێریی بکات و سەرجەم بەڵگەنامەکانیش بدرێنە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
بانکی نیشتمان یەکێکە لەو بانکە حکومییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت دایبمەزرێنێت، کە بەپێی حکومەت، "ئاسانكارییهكی تهواو بۆ هاووڵاتیان و فهرمانبهران و وهبهرهێنهران دهكات و دهبێته دەروازەیەک بۆ بهستنهوهی ههرێمی كوردستان به سیستهمی بانكی ناوهندیی عێراق و له رێگهی ئهوانیشهوه به دونیای دهرهوه."
شوباتی ساڵی 2022، مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی بانکی نیشتمان به گوژمهی 250 ملیار دینار دراوە، ههروهها 25 ملیار دیناری كاش له ههژمارێكی تایبهت بهو بانكه له بانكی ناوهندیی عێراقی دانراوە.
دەبووایە له ساڵی 2021 بانکەکە دابمەزرایە، بهڵام بە گوتەی مەولوود سابیر، هۆكاری دواكهوتنی ئهوه بوو کە بانكی ناوهندیی عێراقی ههندێك مهرجی زیادكردووه، كه لە ههندێك لهو مهرجانه تایبهتمهندیی ههرێمی كوردستانی رەچاو نهكردووه.



