رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێککەوتنێک لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە قەرز. وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکەیش داوای رێککەوتن لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەسەر بنەمای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (23500) لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێککەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. دەبێت گەرەنتیی ئەوە بدرێت پارەکە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەگەڕێندرێتەوە و لە شایستەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی بەندەکانی یاسای بودجە پاکتاو دەکرێت".
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی دارایی عێراق سوورە لەسەر گەرەنتیی مافی دارایی هەموو هاووڵاتی و فەرمانبەران، بەپێی رێکار و رێنماییە نووسراوەکان و بڕیاری حکومەتی فیدراڵی بە خەرجکردنی قەرزێکی دارایی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک مووچەی فەرمانبەران. پێویستە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو بانکانە بکات تاوەکو وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان واژۆ لەسەر رێککەوتننامەی قەرزەکە بکات کە لە بڕیارەکەدا هاتووە".
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، 3ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریدا 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و بە قەرز بنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پارەیە نەنێردراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، رێکارەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی ژمارە 13ـی 2023 جێبەجێ دەکات، لەوانەش دابینکردنی شایستە داراییەکان و سوورە لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی دارایی بە ئامانجی بەهێزکردنی گەشەی ئابووری.



