رووداو دیجیتاڵ
ئۆپێک پڵەس بە ئاستێکی زیاتر لە پێشبینییەکان بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکات.
ئۆپێک پڵەس رۆژی شەممە رێککەوت لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی 548 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بۆ مانگی ئاب.
پێشتر پێشبینی دەکرا زیادکردنەکە بەبڕی 411 هەزار بەرمیل نەوت بێت.
زیادکردنی بەرهەمهێنانەکە لەلایەن 8 ئەندامی گرووپەکەوە دەبێت کە بریتین لە سعودیە، رووسیا، ئیمارات، کوێت، عومان، عێراق، کازاخستان و جەزائیر.
ئەم 8 وڵاتە لە مانگی نیسانەوە دەستیان بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی 2.2 ملیۆن بەرمیلی نەوتی رۆژانەیان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە کەمکردبووەوە.
بەپێی ئەو خشتەیەی ئۆپێک بڵاویکردووەتەوە، عێراق بۆ مانگی داهاتوو مافی هەیە رۆژانە تاوەکو 4 ملیۆن و 171 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.
لە کۆبوونەوەی پێشووی ئۆپێک پڵەس کە 5ـی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو و تایبەت بوو بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئەم مانگە [تەمموزی 2025]، پشکی عێراق رۆژانە 4 هەزار و 86 هەزار بەرمیل نەوت بوو.
بەم پێیە، پشکی عێراق بە بڕی 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادکراوە.
بڕیارەکە تەنیا بەرهەمهێنانی نەوت دەگرێتەوە نەوەک هەناردەکردن.
بڕیارە نوێیەکە بۆ مانگی ئاب، زیادبوونێکی بەرچاوە بەراورد بە مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەممووز کە بڕی زیادکردنەکە 411 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. لە مانگی نیسانیشدا تەنیا 138 هەزار بەرمیل زیاد کرابوو.
ئۆپێک پڵەس هۆکاری بڕیارەکەی بۆ "روانگەی جێگیری ئابووریی جیهانی و دۆخی پتەوی بازاڕ، لەنێویاندا نزمیی یەدەگی نەوت" گەڕاندووەتەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە هەندێک لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس وەک عێراق و کازاخستان، زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی خۆیان نەوتیان بەرهەمهێنابوو، ئەمەش ئەندامەکانی دیکەی نیگەران کردبوو کە پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەم ببوون.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئۆپێک پڵەس دەیەوێت پشکی خۆی لە بازاڕی نەوت فراوانتر بکات لە بەرامبەر زیادبوونی بەرهەمی رکابەرەکانی وەک ئەمریکا.
بەم بڕیارە، ئۆپێک پڵەس لە مانگی نیسانەوە کۆی گشتی 1.918 ملیۆن بەرمیل نەوتی خستووەتەوە بازاڕ، ئەمەش واتە تەنیا 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ماوەتەوە لەو 2.2 ملیۆنەی هەشت ئەندامەکە خۆبەخشانە کەمیان کردبووەوە.
گرووپەکە هێشتا کەمکردنەوەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی بە بڕی 3.66 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا هێشتووەتەوە.
بڕیارە 8 ئەندامە سەرەکییەکەی ئۆپێک پڵەس لە سێی ئابدا کۆبوونەوەی داهاتوویان ئەنجام بدەن.
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کە نزیکەی نیوەی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لە ساڵی 2022ـەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت سەقامگیر بکات.
بەڵام ئەم ساڵ سیاسەتەکەی پێچەوانە کردووەتەوە و قۆناخ بە قۆناخ بەردەوامە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت. ئەوەش هاوتەریبە لەگەڵ خواستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە داوایکردبوو گرووپەکە نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.



