رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەیان بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی سێ پایتەخت کردووە.
رۆژی دووشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2023، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی دیاری کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند: "ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات."
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
هەرچەندە لە رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای 72 رۆژ، هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی 71 رۆژی رابردوودا، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیانی ملیارێک و 953 ملیۆن و 720 هەزار دۆلاری بە کوردستان و عێراق گەیاندووە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، زیانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە 500 هەزار بەرمیلە بۆ عێراق.
پاتێڵ گوتی: "ئەمریکا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا، تورکیا و هەولێر کردووە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی دیاری کوردە، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند بڕگەیەکی تایبەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان، پاتێڵ گوت: "لە گفتوگۆ بەردەوامەکانمان لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان گفتوگۆمان لەسەر گرنگی بودجە کردووە."
پاتێڵ گوتیشی، "ئەمریکا پشتیوانی لە هەوڵ و ئامانجی عێراقییەکان دەکات، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت داهاتوویەکی بەهێز و سەقامگیر بنیادبنێن. بەشێوەیەک کە سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابکێشێت."
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: چەند مانگێکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان وەستاوە، کە رۆژانە نزیکەی نیو بەرمیل نەوتیان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد، لەسەرەتای ئەم وەستانە، ئێوە لەگەڵ عێراق و تورکیا گفتوگۆتان کرد تاوەکو هەناردەکردنی نەوەتەکە دەستپێبکەنەوە، لەدوای ئەو ماوە زۆرە کە هەناردەکردنە وەستاوە، ئێوە ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی دیکەتان لەگەڵ تورکیا و عێراق هەیە کە کۆتایی بەم وەستاندنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بهێنن؟
ڤێدانت پاتێڵ: ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا و هەولێر و ئەنقەرەش هەبووە.
رووداو: هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی رەشنووسی یاسای بودجە ناکۆکیان هەیە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئێمە پابەندی ئەو گۆڕانکارییانە نابین کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە کراون، دوو مادەی یاساکەیان گۆڕیووە، کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئێوە هیچ گفتوگۆیەکتان لەگەڵ هەولێر و بەغدا هەیە بۆ چارەسەکردنی ئەو ناکۆکیانە، چونکە دەزانین هەندێک کەس هەن لە کوردستان دەڵێن، عێراق کە حکومەتی ئێستای لەلایەن بەشێک لەو گرووپانە پشتیوانی دەکرێت کە نزیکن لە ئێران، هەوڵدەدەن ئەو فێدراڵیزمەی لە 2003ەوە لە عێراق هەیە کۆتاییپێبهێنن؟
ڤێدانت پاتێڵ: لە گفتوگۆ بەردەوامەکانمان لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان گفتوگۆمان لەسەر گرنگی بودجە کردووە؛ ئەمریکا پشتیوانی لە هەوڵ و ئامانجی عێراقییەکان دەکات، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت داهاتوویەکی بەهێز و سەقامگیر بنیادبنێن. بەشێوەیەک کە سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رابکێشێت. عێراق پەرلەمانێکی زیندووی هەیە و ئەوە ئەرکی عێراقییەکانە، کە بڕیار لەسەر ئاراستەی سیاسییان بدەن و هەر کێشەیەکی پەیوەست بە بودجە چارەسەر بکەن.
