Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

لۆگۆی بیتکۆین

لۆگۆی بیتکۆین

ئابووری04-12-2023

نرخی یەک بیتکۆین 42 هەزار دۆلاری تێپەڕاند

0:00
0:00
قەبارەی دەق
محەممەد رەحمان

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

محەممەد رەحمان

رۆژی بڵاوکردنەوە

04-12-2023

بابەتی پەیوەندیدار

پارە سڕکراوەکەی ئێران چەندە؟
ئابووری31-05-2026

پارە سڕکراوەکەی ئێران چەندە؟

بەراورد بە پێش جەنگ، نرخی گازی شل لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە
ئابووری31-05-2026

بەراورد بە پێش جەنگ، نرخی گازی شل لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە

مووچەی گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێ
ئابووری31-05-2026

مووچەی گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێ

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاستی 20 مانگی رابردوو. بانکێکی نێودەوڵەتی دەڵێت، ساڵی داهاتوو نرخی هەر بیتکۆینێک دەگاتە 100 هەزار دۆلار.
 
رۆژی دووشەممە 04-12-2023 نرخی بیتکۆین 2200 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک گەیشتە 42 هەزار دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لەدوای نیسانی ساڵی 2022ەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین، پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکانە لە دامەزراندنی سەکۆی ئەو دراوانە لە بۆرسەی جیهانی، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیاری لەسەر بدرێت.
 
چەند مانگێکە بەشێک لە سەکۆکانی دراوە دیجیتاڵییەکان، بەڵگەنامەی فەرمییان پێشکێش بە لیژنەی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا کردووە بۆ کردنەوەی پێنوێنی نرخەکانیان لە بۆرسەی جیهانی و ئەو وڵاتە تاوەکو هاوشێوەی کانزا، کاڵا و دراوە جیهانییەکان مامەڵەکردن پێیانەوە رێکبخرێت.
 
شارەزایان دەڵێن، هەرچەند هێشتا هیچکام لە داواکارییەکانی سەکۆکان پەسند نەکراون، بەڵام لیژنەکە نیازی هەیە پەسندکردنی داواکاریی ئەو سەکۆیانە خێرا بکات، ئەوەش گەشبینییەکی بەرچاوی لەلایەن وەبەرهێنەر و بازرگانانەوە لەبارەی دراوە دیجیتاڵییەکان دروستکردووە.
 
تاوەکو ئێستا لە ئەم ساڵدا نرخی بیتکۆین 147% بەرزبووەتەوە، بەشێک لە بازرگانان و شارەزایانیش گەشبینن بەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
 
پاسکال گاوسێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لێجەر، کە تایبەتە بە ئاسایشی دراوە دیجیتاڵییەکان، دەڵێت، "پێدەچێت 2023 ساڵێک بێت بۆ ئامادەکاریی بەرزبوونەوەیەک کە هێشتا دەستی پێنەکردووە، بەڵام پێشبینییەکان بۆ ساڵەکانی 2024 و 2025 زۆر ئەرێنییانەن."
 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە زیاتر لە 69 هەزار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی بووە تۆماری کردبێت.
 
لەدوای ئەو کاتەوە، کۆمەڵێک ئاڵنگاری رووبەڕووی سێکتەرەکە بوونەوە؛ مایەپووچبوونی سەکۆی FTX کە دووەم گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو و ساخبوونەوەی 8 تۆمەت بەسەر سام بانکمان فرید، دامەزرێنەری سەکۆیەکە.
 
دوایین ئاڵنگاریش، لەسەرکار لاچوونی چانگپێنگ ژاو، بەڕێوەبەرەی جێبەجێکاری باینانسی گەورەترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکان بوو بەهۆی تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە لایەن ئەمریکاوە. سەکۆیەکەش بە زیاتر لە 4.3 ملیار دۆلار سزادرا.
 
بەڵام ئێستا دۆخەکە بە جۆرێک پێچەوانە بووەتەوە کە زۆرێک لە دامەزراوەکان ژمارەی گەورە بۆ نرخی بیتکۆین لە ساڵی داهاتوو دادەنێن؛ بانکی نێودەوڵەتیی 'ستاندارد چارتەرد' دەڵێت، لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا، نرخی هەر بیتکۆینێک دەگاتە 100 هەزار دۆلار.
 
بانکەکە هۆکاری ئەو پێشبینییەی بۆ پەسەندکردنی داواکاریی سەکۆیەکان بۆ رێکخستنی مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان دەگێڕێتەوە.