نرخی نەوت چاوەڕوانی بڕیارەکەی ترەمپ دەکات لەبارەی ئێران

03-05-2018
کاردۆ کەمال
نیشانەکردن نەوت
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەهۆی بەرزی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئەمڕۆ لەکاتی مامەڵەکردنی بۆرسەی ئاسیا گوشارەکانی سەر نرخی نەوت رووی لە زیادبوون کرد، ئەوەش بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوتی سنووردارکرد.

ئەمڕۆ (پێنجشەمە 3-5-2018) لەکاتی مامەڵەکردنی بۆرسەی ئاسیا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەڕێژەی لە 0.33% رووی لە دابەزین کرد؛ هەر بەرمیلێک بە 73 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسیش لە ئاستی 67 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

شارەزایانی بازاڕی نەوت پێیانوایە، تا ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیار لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەدات، نرخی نەوت لەم ئاستانەی ئێستای بە جێگیری دەمێنێتەوە، لەئەگەری گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆسەر ئێران نرخی نەوت روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی وزەی ئەمریکا، نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا لەماوەی هەفتەی رابردوودا بە بڕی شەش ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە، ئەوەش گوشارەکانی سەر نرخی زێڕی زیاتر کرد.

ئیدارەی ترەمپ تاوەکو 12ی ئەم مانگە مۆڵەتی بە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوە "کەموکورتییەکان"ی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێران چارەسەربکەن، ئەگەرنا گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەگەڕێنێتەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە