رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار لە دابەزین بەردەوامە و بەراورد بە دوێنێ، هەر 100 دۆلارێک نزیکەی هەزار دیناری چووەتەسەر. ئێستا 100 دۆلار بە 156 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، زیاتر لە 192 ملیۆن دۆلاری فرۆشت؛ لەو بڕە کەمتر لە 15 ملیۆن دۆلاری بە نەختینە فرۆشت و ئەوەش بە هۆکارێکی زیاتر دابەزینی بەهای دینار دادەنرێت.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەهای دینار زیاتر دابەزی و ئێستا 100 دۆلار بە 156 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هاوکات، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، 100 دۆلار بە 156 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا، 100 دۆلار بە 155 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکرا. جەبار گۆران گوتی، یەکێک لە کاریگەرییەکانی دابەزینی زیاتری بەهای دینار، کەم فرۆشتنی دۆلارە بەشێوەی نەختینە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.



