رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دوای راگرتنی گەیشتە بەرزترین ئاست و رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت. وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیاش رایدەگەیێنێت، "دەست بە کاراکردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەکەین."
بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە
رۆژی دووشەممە، 2-10-2023 لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، زانیاریی نوێ لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو. بەپێی ئەو داتایانە:
لە هەرێمی کورستان 14 بلۆکی نەوتی هەن، نۆ لەوانە دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە و پێنجیان کارناکەن. قەبارەی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکان ئێستا رۆژانە 220 هەزار بەرمیلە، 85 هەزار بەرمیلی دەدرێتە حکومەتی عێراق لە نێوخۆ دەیپاڵێوێت و 134 هەزار بەرمیل نەوتیشی لە بازاڕی نێوخۆ دەفرۆشرێت.
پێش راگرتنی هەناردەی نەوت، هەرێمی کوردستان رۆژانە 395 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، لەگەڵ نەوتی کەرکووک تێکڕا 481000 بەرمیل بوو.
تورکیا: بۆریی عێراق - تورکیا بۆ هەناردەی نەوت ئامادەیە
ئەمڕۆ ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بۆ کارکردن ئامادەیە و لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست بە کاراکردنەوەی دەکەین، دوای دەستکردنەوە بە چالاکییەکە. ئەو بۆرییە توانای ئەوەی هەیە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیهان بگوازێتەوە."
لە 25ـی ئاداری ئەم ساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووتەوە، زیانەکانی راگرتنی نەوتی کوردستان بە گوێرەی نرخی نەوتی برێنت 7.3 ملیار دۆلارە، بە گوێرەی نرخی فۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ حەوت ملیار دۆلارە و بە گوێرەی ئەو خەمڵاندنەی لە یاسای بودجەی عێراقدا کراوە 6.3 ملیار دۆلارە.
قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ مانگى ئەیلوول
مانگى ئەیلوولى رابردوو عێراق زیاتر لە 103 ملیۆن بەرمیل نەوتى فرۆشتووە بە بەهاى زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار کە بەراورد بە مانگى ئاب داهاتەکەى نزیکەى 500 ملیۆن دۆلارى زیاد کردووە.
وەزارەتى نەوتى عێراق ئامارى بەرایی فرۆش و داهاتى نەوتى بۆ مانگى ئەلوولى رابردوو بڵاوکردەوە ، کە لەو مانگەدا 103 ملیۆن و 43 هەزار و 199 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە 102 ملیۆن و 220 هەزار و 441 بەرمیل لە کیێڵگەکانى نەوتى ناوەڕاست و باشوورى عێراقەوە هەناردەکراون، 473 هەزار و 335 بەرمیل لە کێڵگەى گەیارە لە موسڵ و 449 هەزار و 423 بەرمیلى لە کێڵگەکانى کەرکووکەوە هەناردەکراوە.
بڕى هەناردەکردنى رۆژانەى نەوت لە مانگى ئەیلوولدا سێ ملیۆن و 438 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى عێراق دەبێت رۆژانە عێراق سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکات بۆ پڕکردنەوەى پارەى بودجە، کە 198 تریلیۆن دینارە. وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوەداوە کە تێکڕاى نرخى یەک بەرمیل نەوت لە مانگى ئەیلوولدا 92.5 دۆلار بووە، داهاتى فرۆشتنى نەوت لەو مانگەدا نۆ ملیار و 494 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە مانگى ئابى رابردوو عێراق 106 ملیۆن و 122 هەزار و 679 بەرمیل نەوتى هەناردەکردووە و داهاتەکەشى هەشت ملیار و 997 ملیۆن و 851 هەزار دۆلار بووە.
نرخی نەوت بەرزبووەوە
بەرەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە، نرخی نەوت بەرزبووەوە و هەندێ لە زیانەکانی رۆژی هەینی قەرەبوو کردەوە، بەوپێیەی بازرگانان گرنگیان بە کەمی خستنەڕووی نەوت و بە کراوەیی مانەوەی حکومەتی ئەمریکا کرد.
نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازارەکانی ئاسیا، 18 سەنت بەرزبووەوە، بەرمیلێک بە 92 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت بەرزبووە و بە 91 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 30٪ بەرزبوونەوە، هۆکاری سەرەکیشی بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن رووسیا و سعودیە بەبڕی 1.3 ملیۆن بەرمیل دەگەڕێتەوە.
بەپێی چەندین سەرچاوە لە رێخکراوی ئۆپێک، "بە ئەگەرێکی زۆر، بەرهەمهێنەرانی نەوت درێژە بە سیاسەتی کەمکردنەوەی خستنەرووی نەوت دەدەن و لە کۆبوونەوەی مانگانەیاندا کە بریارە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت جەختی لەسەر دەکەنەوە".
هێرۆکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری بازارە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای ( نیسان سیکیۆریتی) لەو باریەوە رایگەیاند،" سەرەتای ئەم هەفتەیەی نرخی نەوت بە بەهێزی دەستپێکرد. کەم خستنەرووی نەوت، جێگیر مانەوەی سیاسەتەکانی ئۆپێک پڵەس و پارەدارکردنی حکومەتی ئەمریکا لەلایەن کۆنگرێس، هۆکاری سەرکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن."
لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی گازی سرووشتی بەرزبووەوە
هەر لە بووڵتەنی ئابووری باسی بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرا کە بڕیاردراوە نرخی گازی سرووشتی بۆ هاوبەشانی بەرهەمهێنەری کارەبا و کەرتی پیشەسازی و ناوچە پیشەسازییەکان 20٪ زیاد بکرێت، بەڵام نرخی گازی سرووشتی بۆ ماڵان بە جێگیری هێڵدرایەوە.
کۆمپانیای بۆتاش (کۆمپانیای نیشتمانی گواستنەوەی پیترۆڵ) ـی تورکیا رایگەیاند، لە یەکی تشرینی یەکەمی 2023 ـەوە دەست کراوە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
هەر لە بووڵتەنی ئابووری باسی بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرا کە بڕیاردراوە نرخی گازی سرووشتی بۆ هاوبەشانی بەرهەمهێنەری کارەبا و کەرتی پیشەسازی و ناوچە پیشەسازییەکان 20٪ زیاد بکرێت، بەڵام نرخی گازی سرووشتی بۆ ماڵان بە جێگیری هێڵدرایەوە.
کۆمپانیای بۆتاش (کۆمپانیای نیشتمانی گواستنەوەی پیترۆڵ) ـی تورکیا رایگەیاند، لە یەکی تشرینی یەکەمی 2023 ـەوە دەست کراوە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی بۆتاش، هیچ زیادبوونێک لە نرخی ئەو گازە سرووشتییە نەکراوە کە دەدرێتە ماڵان، بەهای هەر 1000 مەتر سێگۆشە لە گازی سرووشتی ماڵان بە 4080 لیرە جێگیر کرا.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تورکیا گازی سرووشتی هاوردە دەکات، گرانبوونی نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەگشتی کاریگەری لەسەر وڵاتەکەیان هەیە، بەڵام سەرباری ئەوە رێگەیان نەداوە بە هەمان ئاست کاریگەری لەسەر خەڵک بکات.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تورکیا گازی سرووشتی هاوردە دەکات، گرانبوونی نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەگشتی کاریگەری لەسەر وڵاتەکەیان هەیە، بەڵام سەرباری ئەوە رێگەیان نەداوە بە هەمان ئاست کاریگەری لەسەر خەڵک بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ