رووداو دیجیتاڵ
بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق؛ مانگی رابردوو هەر بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق بە 71 دۆلار و 30 سەنت فرۆشراوە، لەکاتێکدا لە رەشنووسی بودجەدا نرخی نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پێشبینییەکان بەوشێوەیەن بەهای نەوت بۆ خوار 70 دۆلار زیاتر دانابەزێت."، بەڵام شارەزایەکی نەوت دەڵێت: "دیاریکردنی 70 دۆلار بۆ بەهای بەرمیلی نەوت هەڵەیەکە بەسەر حکومەتدا تێپەڕیوە."
رۆژی هەینی، 2-6-2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دیاریکردنی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت لەسەر پێشنیازی وەزارەتی دارایی بووە، بەڵام وەزارەتی نەوت بە 65 دۆلار خەمڵاندوویەتی، بەگشتی ئێستا بەهای بەرمیلێک نەوت لە سەروو 70 دۆلارەوە، باوەڕناکەم ئەمساڵ بەهاکەی بگاتە خوار 70 دۆلار."
جەمال کۆچەر پێیوایە ئەگەر بەهای نەوت بۆ خوار 70 دۆلاریش دابەزێت و دوو سێ مانگێک بەردەوام بێت، ئەوا دەبێتە مەترسی لەسەر داهاتەکانی بودجەی عێراق، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەم بێت، مەترسی دروست ناکات، هەرچەندە بەپێی پێشبینییەکان ئەگەری هەیە بەهای نەوت ئەمساڵ زیاتر دابەزێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی مانگی ئایارەوە رایگەیاندووە کە رۆژانە 3 ملیۆن و 305 هەزار بەرمیلی هەناردەکردووە و هەر بەرمیلێک نەوت بە 71 دۆلار و 30 سەنت فرۆشراوە، ئەوەش تەنیا دوو دۆلاری جیاوازە لە بەهای ئێستای نەوت کە لەنێوان 72 بۆ 73 دۆلارە لە بازاڕی جیهانی.
د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای بواری وزە لە زانکۆی بەسرا، لەبارەی دابەزینی بەهای نەوت و کەمبوونەوەی داهاتەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "حکومەت هەڵەیەکی گەورەی کردووە لە گەشبینیی نیشاندان بە پشتبەستن بە خەمڵاندنی بەهای بەرمیلی نەوت، چونکە بەهای نەوت لە هەڵکشان و داکشانە، بۆیە خەمڵاندنی بەهای کەمتر لە کێشەی زیادبوونی کورتهێنان لە بودجە دوورمان دەخاتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە رەشنووسی بودجە کراوە کێشە و کارەساتە، دەبێت ئەو 70 دۆلارە بۆ نزیکەی 60 بۆ 65 دۆلار کەمبکرێتەوە."
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، 87٪ـی داهاتەکانی عێراق لە نەوتەوە بەدەست دێت و لە کۆی زیاتر لە 134 تریلیۆن دینار، تەنیا 17 تریلیۆن دینار داهاتە نانەوتییەکانن کە رێژەی تەنیا 13٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
ئەگەر بەهای بەرمیلی نەوت یەک دۆلار کەمتر بێت لەو 70 دۆلارەی لە رەشنووسی بودجەدا دیاریکراوە، واتە بەهای نەوت ببێتە 69 دۆلار، ئەوا عێراق مانگانە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات و مانگانە دەکاتە 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراو بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە؛ رۆژانە عێراق 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەنێویدا 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانە. بەهای 100 دۆلاری ئەمریکیش بە 130 هەزار دینار دانراوە.
بەهجەت ئەحمەد، شارەزای وزە دەڵێت، "ئەگەری هەیە بەهای نەوت لە داهاتوودا و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەرزببێتەوە، چونکە رێوشوێنە بانکییەکانی ئەمریکا و کۆبوونەوەی وڵاتانی نەوتی کە بڕیارە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە، سەرباری پێشبینییەکانی چەند دامەزراوەیەک وا دەکات بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە بەهای بەرمیلی نەوت لەجیهاندا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لە بەرزبوونەوەدا دەبێت."
قەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە. بەپێی رەشنووسەکە، داهاتە نەوتییەکان 117 تریلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، کە رێژەی 87.1٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت، هەرچی داهاتە نانەوتییەکانە 17 تریلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن و 63 هەزار دینارە و 12.8٪ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت.



