کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان؛ دەیان تریلیۆن یەدەگ و بەرهەمێکی کەم

02-02-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 10 کێڵگەی گازی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەوانەشەوە کە گازی هاوەڵ بەرهەم دەهێنن؛ بە هەموویانەوە زیاتر لە 30 تریلیۆن یەدەگی گازیان هەیە، بەڵام تەنیا یەک کێڵگەیان بەرهەمی هەیە کە کێڵگەی کۆرمۆرە.
 
بەپێی خەمڵاندنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، یەدەگی گاز لە هەرێمی کوردستان چەندین بەرامبەری ئەو بڕەیە، بەڵام ئەوەی لەم راپۆرتەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەو بەرهەمەیە کە سەلمێندراوە و پشتڕاست کراوەتەوە.
 
بەپێی ئەو داتایانە، کە دوایین جار لە ساڵی 2021 نوێکراونەتەوە و دەست رووداو کەوتوون، لەدوای کۆرمۆر، کێڵگەی چەمچەماڵ بە 6.6 تریلیۆن پێ سێجا، خاوەنی زۆرترین یەدەگی گازیی سەلمێندراوە.
 
دابەشبوونی کێڵگەکان بەم شێوەیە:
 
کۆرمۆر
 
یەدەگی 9.4 تریلیۆن پێ سێجایە و بەرهەمهێنانی 4.33 ملیار پێ سێجایە.
 
چەمچەماڵ
 
یەدەگی 6.6 تریلیۆن پێ سێجایە و بەرهەمهێنانی نییە.
 
بنەباوی
 
یەدەگەکەی 4.9 تریلیۆن پێ سێجا و بەرهەمی نییە.
 
میران
 
یەدەگەکەی 3.5 تریلیۆن پێ سێجایە.
 
تۆپخانە
 
یەدەگەکەی  1.6 تریلیۆن پێ سێجایە.
 
دابەشبوونی یەدەگی گاز و نەوت لە هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشە
دابەشبوونی یەدەگی گاز و نەوت لە هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشە
 
 
گازی هاوەڵ لەگەڵ نەوت:
 
شێخان
 
یەدەگەکەی 0.3 تریلیۆن پێ سێجایە.
 
خورمەڵە
 
یەدەگەکەی 3.6 تریلیۆن پێ سێجایە و بەرهەمهێنانی 0.92 پێ سێجایە.
 
کوردەمیر
 
یەدەگەکەی 2.3 تریلیۆن پێ سێجایە.
 
پیرمام
 
یەدەگەکەی 0.88 تریلیۆن پێ سێجایە.
 
جگە لە کێڵگە گازییەکان، چەندین کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە.
 
بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکان، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەکە دەنگدانە بە هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق. ماددەکە تایبەتە بە دیاریکردنی خەرجی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان کە 16 دۆلار دانراوە. 
 
دوای دوو خوێندنەوە بڕیاربوو لە رۆژانی کۆتایی ساڵی رابردوو دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ناکۆکی و ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی شیعە رێگربوو، پێش ئەوەی هەفتەی رابردوو سەرۆکواوەزیرانی عێراق رایبگەیێنێت کە هەمان پێشنیازی حکومەت دانراوە و لەگەڵ فراکسیۆنەکانیش کۆبووەوە لەپێناو دەنگدان و پەسندکردنی ماددەکە کە دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی رۆژی شەممە بە رووداوی راگەیاند، پەرلەمانتارانی شیعە "پێشنیازی نوێیان هێناوە پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هەموو شتێک بۆ عێراق.'' ئەو دەڵێت، "کاتمان کەم ماوە بۆ پەسندکردنی ماددەی 12، چونکە کۆی هەمواری بودجە و خشتەکانمان لەبەردەمە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە