هەولێر داهاتی نانەوتیی مانگی نیسانی رادەستی بەغدا کرد

01-08-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نزیکەی 75 ملیار دیناری دیکەی وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا کرد.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتییان بۆ مانگی نیسان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، بڕی ئەو پارەیە 74 ملیار و 844 ملیۆن و 532 هەزار دینار بووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتەکەیانەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.    
 
رۆژی یەکشەممە (30-6-2024) وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بڕی  70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دیناریان خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەغدا داوای تەواوی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 10-7-2024 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاندبوو، داهاتى نانەوتى [هەرێمی کوردستان] تاوەکو نیسانى 2024 بە گوێرەى خشتەى داهاتەکان کە بۆ وەزارەتى دارایی عێراق نێردراوە، 1 تریلیۆن و 646 ملیار و 444 ملیۆن و 905 هەزار و 586 دینار بووە. 
 
وەزیرى دارایی عێراق داواى کردووە ئەو داهاتەى ماوە، رادەست بکرێت، ئەوەش بەگوێرەى ئەو رێوشوێنەى لە ساڵى 2023وە بۆ ساڵانى دواتریش کارى پێدەکرێت.
 
بە گوێرەی یاساى بودجەى گشتى عێراق، بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان، دەبێت 50%ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان و داهاتى نانەوتى رادەست بکرێت.
 
پێشتر هەولێر و بەغدا رێککەوتنى بەراییان کردووە بۆ ئەوەى 50%ى داهاتى نانەوتى بە نەختینەیی بخەنە سەر هەژمارێکى  وەزارەتى دارایی تایبەت بەو داهاتە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە