چارەنووسی مووچەی مانگی 5 و 6ـی هێزە ئەمنییەکان؛ 'یەک واژۆی ماوە'

01-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

عێراق لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران تاوەکو ئێستا پەسند نەکردووە، پێشنیازێک خراوەتە بەردەم سوودانی کە بەبێ چارەسەرکردنی تێبینییەکانی وەزارەتەکە ئەو دوو مووچەیە خەرج بکات. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدا، دەست هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو کەوتوون، پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە کە "لیستێکی نوێی مووچە بۆ هێزە ئەمنییەکان، لەنێوان دیوانی چاودێریی وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کە چارەسەری تێبینییەکانی دارایی فیدراڵی تێدابێت، ئامادە بکرێت."
 
بە گوێرەی پێشنیازەکە "لە 60 رۆژدا دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی وەزارەتەکان لەوبارەیەوە کۆببنەوە و تێبینییەکان چارەسەر بکەن و لیستە نوێیەکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن."
 
لەو ماوەیەی تاوەکو تێبینییەکان چارەسەر دەبن، "داوا لە سوودانی کراوە مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران-ی هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکات." ئەمە بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز. هەرچەندە تاوەکو ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە بڕیاری نەداوە.
 
رووداو زانیویێتی کە ئەو پێشنیازە لەلایەن بەرپرسێکی کورد لە بەغدا و ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە کراوە.
 
تێبینییەکانی بەغدا لەسەر لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چییە؟ 
 
عێراق دوو مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە جگە لە مووچەی هێزە ئەمنییەکان، هۆکاری نەناردنی ئەو مووچانەش بۆ نەناردنی لیستی مووچە بە وردەکارییەوە دەگەڕێنێتەوە. 
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بۆ بەغدا دەنێرێت، واتە و ناو و زانیاری لەبارەی فەرمانبەرەکەوە تێدا نییە، بەغداش داوای وردەکاریی و زانیاری لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 12-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زانیاریی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ عێراق نێردراوە، بەڵام بە کۆد مامەڵەی لەگەڵ کراوە، چونکە مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق بە کۆد مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
هەرچەندە عێراق رەتیدەکاتەوە بە کۆد مامەڵە لەگەڵ مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
لیوا ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی یەکەی 70 رۆژی 08-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی عێراق بە ئاشکرا گوتوویەتی بە کۆد مووچە خەرج ناکات و داوای کردووە لیستی بەناوی چواری بۆ بنێردرێت، رەزامەندی دراوە لیستی بەشێکی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بنێردرێت، لەوانەش ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای زانیاری و پاراستن، ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان."
 
چاوەڕێ دەکرێت مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا دابەشنەکراون، بەسەر یەکەوە دابەشبکرێن، لەو بارەیەوە ئیخلاس دلێمی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق رۆژی 25-06-2024 بە رووداوی گوت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی هەردوو مانگەکانی 5 و 6ی هێزە ئەمنییەکان پێکەوە خەرج بکرێن؛ بەڵام نازانرێت بەغدا پابەندی ئەو داوایە دەبێت یاخود نا."
 
رۆژی دووشەممە، 01-07-2024 سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مووچەی مانگی 6ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کراوە کە بڕەکەی نزیکەی 600 ملیار دینارە. بەڵام مووچەی هێزە ئەمنییەکان نەهاتووە.
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رۆژی یەکشەممە 30-06-2024  کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی بە "تەکنیکی" ناوبرد و رایگەیاند: "هەوڵی چارەسەر کردنی دەدرێت." 
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاترە 345 ملیار دینار، بەو پێیەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیەی نەدراوە، نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.  
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوتی

نەوتی برێنت بە نزیکەی 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە. داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا گەشبینییان لای بازرگانان دروستکردووە بەوەی کە خواست بۆ نەوتی خاو لە وەرزی هاویندا بەرزدەبێتەوە.