رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێک لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، لە دوێنێ شەممەوە بەهاکەی جێگیرە و 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 153 هەزار دینارە. ئەمڕۆش لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا نرخەکەی هەر وەکو خۆیەتی.
رۆژی یەکشەممە، 1-1-2023، کاژێر 12:45ی نیوەڕۆ، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 153 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە ماوەی سێ رۆژە داخراوە و بڕیارە سبەی دووشەممە بکرێتەوە. حاجی سابیر باواجی گوتی: "لە هەولێر ئەمڕۆ بازاڕی دراو بە فەرمی کراوەتەوە".
بە گوتەی حاجی سابیر، رێکارەکانی حکومەتی عیراق و بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە رۆژانی داهاتوودا دوای جێبەجێکردن، بەهای دینار بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی رافیدەین کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە رێگەی دوو لقیانەوە لە بەغدا هەر 100 دۆلارێک بە 145 هەزار و 500 دینار بەو کەسانە دەفرۆشنەوە کە ماستەرکارتی بانکەکەیان هەیە و بەڵگەی سەردانی وڵاتانی دەرەوەیان پێیە. ئاماژە بەوەش کراوە، هیچ کەسێک ناتوانێت زیاتر لە 10 هەزار دۆلار بەو نرخە وەربگرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
ماوەی نزیکەی دوو ساڵە نرخی 100 دۆلار لە نێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و دواتر تاوەکو 159 هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە، لە دوێنێ شەممەشەوە نرخەکە لە 153 هەزار دیناردا جێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ