رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای مانگرتنی سەرانسەری لە هاونیشتمانییان دەکات.
رۆژی شەممە 17-09-2022، جەمال پوورکەریم، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان - HSK بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی بەرامبەر ژینا ئەمینی، کچە تەمەن 22 ساڵانەکەی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، تاوانە و دەبێ هەموو ناوەندێکی مرۆیی و هاونیشتمانییان لێی بێدەنگ نەبن.
جەمال پوورکەریم، داوا لە هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات وەکو هەڵوێستێک نەچنە سەر کار و کاسبکاران دووکانەکانیان نەکەنەوە. گوتیشی، "ژینا لەبەر کوردبوونەکەی کوژراوە، نەک هۆی دیکە، چونکە لە مێژووی ئێراندا نەبووە کچێک لەبەر رەچاونەکردنی باڵاپۆشی کوژرابێ."
هاوکات، هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێران لە ژێر ناوی 'گەشتی ئیرشادی تاران' بە بیانووی بێ بنەمای بێ حیجابی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵانیان دایە بەر هێرش و ئەشکەنجە کە بە داخەوە پاش چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بەهۆی قورسیی برین و ئەشکەنجەکانی گیانی بەختکرد."
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە رێکخراوی یارسانی یاری کورد، یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، تەڤگەری رزگاریخوازانەی دیموکراتیکی کوردستان، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان پێکهاتووە.
هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان دەڵێ: "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم جینایەتەی داگیرکەرانی ئێرانی، داوا لە گشت خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە دەکەین، رۆژی دووشەممە 28ی خەرمانانانی 2722ی کوردی [28ی شەهریوەری 1401ی هەتاوی] بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی، مانگرتنێکی گشتی و سەرتاسەری بەڕێوەبەرن و بە داخستنی دووکان و بازاڕ و نەچوونە سەر کار، نا بە داگیرکاریی خاکی کوردستان بڵێن."
هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەرجەم ئەو نەتەوانەی "خاکیان لەلایەن ئێرانیەکانەوە داگیرکراوە و بە گشتی سەرجەم ئازادیخوازان" دەکات، "بە دەم ئەم بانگەوازەوە بێن و بە هەڵوێستی یەکگرتووانەمان، جیا لە داکۆکی لە خوێنی رۆڵەکانی نیشتمانمان، وەڵامی تووندی داگیرکەرانی خاک و وڵاتمان بدەینەوە."
رۆژی سێشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2022، ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ، کچە کوردی دانیشتووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی سەردانێکیدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ تاران بە تۆمەتی "پابەندنەبوون رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە" لە لایەن یەکەیەکی پۆلیسی ئێران کە بەرپرسن لە چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان کە بە "پۆلیسی رەوشت" ناسراون، دەستبەسەرکرا.
رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوول، ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا و میدیا فەرمیی ئێرانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بەداخەوە، گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی بۆ نووسینگەی دادپزیشکی گوێزراوەتەوە."
پێشتر میدیای ئێران لەسەر زاری خێزانی ژیناوە رایگەیاندبوو، چەند کاژێرێک دوای دەستبەسەرکردنەکەی، ژینا ئەمینی "لە باری کۆمادا" گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
تاوەکو ئێستا روون نییە لە ماوەی نێوان گەیشتنی بە بنکەی پۆلیس و رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە چی روویداوە. ئەو کەسانەش لێکۆڵینەوەیان لە کەیسەکە کردووە، دەڵێن، گورزێک بەر سەری کەوتووە.
بەیانیی رۆژی ئەمڕۆ شەممەش هەزاران کەس لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی سەقزدا بەشداربوون.

