رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد دەیەوێت مافی پەنابەری لەوانە وەربگرێتەوە کە بۆ سەردان دەگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
فەرمانگەی کۆچبەرانی سوێد رایگەیاندووە، هەندێک لەوانەی خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن و مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە وەرگرتووە، دەکرێت مافی پەنابەرییەکەیان لەدەستبدەن، ئەگەر بە سەردان بچنەوە وڵاتی خۆیان.
کارڵ بێکسێلیووس، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی فەرمانگەی کۆچبەرانی سوێد رایگەیاندووە، بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە، چونکە لەڕووی یاساییەوە ئەو کەسانە بۆیە مافی پەنابەری و پاراستنیان لە سوێد دراوەتێ، چونکە لە وڵاتی خۆیان نەپارێزراو بوون.
لە روانگەی حکومەتی سوێدەوە، ئەگەر ئەو کەسانە بتوانن بگەڕێنەوە، کەواتە پێویستیان بە پاراستنیان لە سوێد نەماوە.
بڕیارەکە هەموو سوورییەکان ناگرێتەوە، کە بەپێی داتا فەرمییەکان ژمارەیان لەو وڵاتە 36 هەزار کەسە؛ بەڵکو کەیس بە کەیس لەوە دەکۆڵدرێتەوە کە بۆچی گەڕاونەتەوە و ئایا دەکرێت مافی پەنابەرێتییەکەیان وەربگیرێتەوە یان نا.
مانگی رابردوو زۆر وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریان دا دەست لە هەڵسەنگاندنی کەیسی پەنابەریی هاووڵاتییانی سووریا هەڵگرن.
سوێد یەکێکە لەو وڵاتانەی لە مانگی رابردووەوە مامەڵەی پەنابەریی بۆ ئەوانەی لە سووریاوە دەچنە وڵاتەکە، راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ