گالەری

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
13 Photos
عەلی زەڵمی
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 2500 کەس لە تیمی ئاگرکوژێنەوەی ئەمریکا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەدان کە بەشێکی ویلایەتی کالیفۆرنیای گرتووەتەوە. 
 
ئاگرەکە رۆژی چوارشەممە 24-7-2024 لە دارستانێکی باکووری ویلایەتی کالیفۆرنیا کەوتەوە و بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، لە هەر کاژێرێکدا 20 کیلۆمەتر دووجا دەسووتێنێت. 
 
بیڵی سی، بەڕێوەبەری بەشی کوژاندنەوەی ئاگری کالیفۆرنیا دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا بەردەوام ژمارەی ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوەیان زیادکردووە بەجۆرێک رۆژی شەممە ژمارەکە بەراورد بە هەینی، سێ بەرامبەر بووە. 
 
بیڵی سی گوتی، هێشتا پێویستیان بە ژمارەیەکی زیاتر لە ئەندامانی تیمی ئاگرکوژێنەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە. 
 
هۆکاری سەرەکی کۆنترۆڵنەکردنی ئاگرەکە بۆ هەبوونی بڕێکی زۆر گژوگیا و بەرزیی پلەی گەرما دەگەڕێتەوە. پلەی گەرما لەو ناوچەیەی کالیفۆرنیا نزیکەی 32 پلەی سیلیزییە. 
 
بەرپرسێک لە بەشی کوژاندنەوەی ئاگری ویلایەتەکە بەناوی سکۆت ویس دەڵێت، "پلەی گەرما زۆر بەرزە و گژوگیایەکی زۆریش لە دارستانەکەدا هەیە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا رۆژی هەینی 600 کیلۆمەتر دووجا لە رووبەری دارستان لە ویلایەتەکەدا سووتاوە. 
 
تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بووە هۆی ئەوەی گاڤین نیوسۆم، حاکمی کالیفۆرنیا لە ناوچەکانی بوت و تێهاما باری لەناکاو رابگەیێنێت. 
 
نیوسۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هەر کەرەستە و ئامێرێک بەردەست بێت بەکاری دێنین بۆ پاراستنی ژیان و موڵکی هاووڵاتیان. تیمەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە." 
 
ئاگرەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەتان کەس، لەوانەش 400 کەس تەنیا لە ناوچەی کۆهاسێت. هەر لە ئەنجامی ئاگرەکە، 134 خانوو سووتاون و 4200 خانووی دیکە مەترسی ئەوەیان لەسەرە بسووتێن. 
 
بەرپرسان دەڵێن، هاووڵاتییەکی تەمەن 42 ساڵیان بەناوی رۆنی دین ستاوت ـیان دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی ئەوەی لە رێگەی خلۆرکردنەوەی تایەیەکی ئاگرتێبەردراو لە ناوچەی بوت، ئاگرەکە کەوتووەتەوە. 
 
بەرپرسانی کالیفۆرنیا دەڵێن، هاووڵاتییەکە خۆی تێکەڵی ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکە کردبوو کە لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەکەدا ماڵ و حاڵی خۆیان جێدەهێشت. 
 
بە گوێرەی سەنتەری کوژاندنەوەی ئاگر، ئێستا 102 ئاگر لە سەرانسەری ئەمریکادا چالاکن کە زۆربەیان لە ویلایەتەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتەدان.
 
وێنەکان: AFP