رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رەخنەی تووند لە بەربژێری چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان بۆ هەمان پۆست دەگرێت و دەڵێت، شیاوی سەرۆکایەتی نییە.
رۆژی شەممە 27-7-2024 دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە شاری سەینت کڵاود لە ویلایەتی مینیسوتا رایگەیاند، کامالا هاریس رۆڵی هەیە لەو سیاسەتەی ئیدارەی بایدن لە سنوورەکان پەیڕەوی دەکات و ئەوەش واتای ئەوەیە، ئەو کەسە شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆکی وڵات.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە سنوورەکانەوە دەچنە نێو ئەمریکا و ئەوانیشی بە "تاوانکاری دڕندە" ناوبرد کە زیان بە هاووڵاتییانی ئەمریکا دەگەیێنن.
هەر لە هەمان بانگەشەدا جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا قسەی کرد و رەخنەی تووندی لە کامالا هاریس گرت، گوتی، ئەوەی ئیدارەی بایدن لە سیاسەتی سنوور و کۆچبەرییدا دەیکات گەورەترین ناپاکییە بەرامبەر ئەمریکا.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لەو کاتەوەی جۆ بایدن لە 20-1-2021 بووەتە سەرۆکی ئەمریکا 7.3 ملیۆن کۆچبەر لە سنوورەوە پەڕیونەتەوە نێو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
چوونی کۆچبەرانیش بەو ژمارە زۆرە نیگەرانی لای بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەمریکا دروستکردووە و ترەمپیش زۆر جار لە بانگەشەکانیدا باسی دەکات.
ئەنجامی دوایین راپرسی کە رۆژی 27-7-2024 بڵاوکرایەوە دەریدەخات، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن لە ئەمریکا بکرێت، 50٪ی هاووڵاتیان دەنگ بە ترەمپ دەدەن و 49٪ی دیکەیان دەنگ بە کامالا هاریس دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ