بەهۆی جەنگەوە 620 هەزار قوتابی لە غەززە لە خوێندن بێ بەش بوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سالم
دوو قوتابیی ئاوارە لە غەززە
دوو قوتابیی ئاوارە لە غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەردەوامیی جەنگی غەززە خەریکە خوێندن لەباردەبات و هیوایەک نامێنێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە. بەهۆی جەنگەکەوە 500 قوتابخانە خاپوربوون و ئەو قوتابخانانەیشی زیانیان بەرنەکەوتووە، بوونەتە شوێنی مانەوەی ئاوارەکان.

لە سەرەتای ئەم دیمەنەدا دوو کچ دەبینن بە ناوەکانی هیند و مەرام کە خەڵکی باکووری غەززەن. لە قوتابخانەیەکی خان یونس ئاوارەن. لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا، تاڵی و نەهامەتیی حەوت جار ئاوارەییان چەشتووە. هەردووکیان وەکو لە راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە، هاوشێوەی 620 هەزار قوتابیی دیکەی غەززە بێبەش بوونە لە خوێندن.  
 
هیند لەبەد، منداڵێکی ئاوارەی غەززە بە رووداوی گوت دەڵێت: "10 مانگە ئاوارەین. منیش وەکو منداڵێک هاوشێوەی هەموو منداڵانی جیهان داوا دەکەم کۆتایی بە جەنگ بێت بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە زێدی خۆمان. بیری ماڵ و قوتابخانەکەم دەکەم". 
 
مەرام نەحال باسی لەوە کرد: "زۆربەی کەسوکارەکانمان لە باکوورن. لە ناوچەی جەنگدان و برسێتی بەسەریاندا زاڵە، بەردەوام داوا دەکەن کۆتایی بەم جەنگە بێت. خەڵکی لەوێ لەژێر بۆردوومانەکاندا گیان لەدەست دەدەن. منیش وەک هەموو منداڵێکی ئەم جیهانە دەمەوێ لە پارک و شاری یارییەکاندا یاری بکەم. مافی خۆمە بخوێنم". 
 
جەنگە بەردەوامەکەی غەززە بووەتە هۆی خاپوورکردنی زیاتر لە 500 قوتابخانە. ئەوەیشی ماوەتەوە بووەتە ناوەندی لەخۆگرتنی ئاوارەکان. لەم ماوەی جەنگەدا منداڵە ئاوارەکان لە مافی خوێندن و فێربوون و تەنانەت پاڵپشتیی دەروونی بێبەش بوونە. 
 
غەزەل قەساس، قوتابییە و باوکی لەدەستداوە، قسەی بۆ رووداو کرد و دەڵێت: "سەرباری ئازار و مەینەتییەکان، درێژەم بە خوێندن دا لە قوتابخانە. وانەی بیرکاریم خۆش دەوێت و دەمەوێت لە داهاتوودا ببمە ژمێریار". 
 
لانا ئوستول، قوتابییەکی دیکەیە و دایکی لەدەستداوە، گوتی: "زۆر شانازی بەوە دەکەم، دایکم شەهیدە، هەروەها دڵخۆشم بەوەی لە بەهەشتە. ئەو، قورئانی پیرۆزی لەبەربوو. بەردەوام فێری قورئان خوێندنەوەی دەکردین. زۆر حەزم بەوەیە ببمە رۆژنامەڤان بۆئەوەی پەیامی دایکی شەهیدم بۆ جیهان بگوازمەوە". 
 
لەسەر ئاستی جیهاندا 19 پسپۆڕ و بڕیاردەری نێودەوڵەتی جەختیان لەوەکردووەتەوە، 80٪ـی ژێرخانی پەروەردە و فێرکردن لە غەززە لەناوبردراون. نووسینگەی راگەیێندراوی حکومیش باس لەوە دەکات زیاتر لە 16 هەزار منداڵی دیکەش لە سەرەتای جەنگەوە گواستراونەتەوە قوتابخانەکانی دیکە.  

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە