شەپۆلێکی گەرما وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە؛ بۆچی گەرمای شێدار مەترسیدارە؟

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
شەپۆلی گەرما لە ئەورووپا
شەپۆلی گەرما لە ئەورووپا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پلەی گەرما لە مەدرید و بەشێکی دیکەی ئیسپانیا و ئەورووپا گەیشتووەتە 47 پلەی سیلیزی. پزیشکان هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان و دەڵێن، دەبێت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
 
دکتۆر فلیپ ڤێرهۆف، پزیشکی چاودێریی چڕ لە ئەمریکا دەڵێ "کاتێک گەرم دادێت، دەکرێت ئەوە بۆ مرۆڤ زۆر مەترسیدار بێت. زۆر گرنگە تێبگەیت کاتێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، مەترسییەکان دەستپێدەکەن. یەکەمین شتیش کە دەبێت ئاگاداری بیت، گەرمالێدانە."
 
قۆناخەکانی پێش گەرمابردن بەم شێوەیە دەستپێدەکات؛ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، جەستە کە گەرما لێی دەدات، وشک دەبێتەوە، گەدە تێکدەچێت، ماسوولکەکان دەست بە ئازار دەکەن، هەست بە بێهێزی دەکەیت و گەرما دەتبات.
 
دوای ئەوەی گەرما دەتبات، جەستەت ناتوانێت خۆی فێنک بکاتەوە، خوێنی پێویست ناگاتە مێشک، بۆیە مێشک کارەکانی بە رێکوپێکی ناکات، سەرت گێژ دەخوات، دەکرێت لە هۆش خۆت بچیت یانیش مامەڵەی سەیر و نامۆ بکەیت.
 
دکتۆر فلیپ باسی رێکارەکانی خۆپارێزی لە گەرما دەکات و دەڵێ "باشترین شت بیکەیت ئەوەیە هەموو سەرە کاژێرێک لیترێک ئاو بخۆیتەوە، یانیش هەموو 15 خولەک جارێک کوپێک ئاوی سارد بخۆیتەوە. ئەوە باشترین رێگەی شێدارمانەوەیە. کاتێک جەستەت شێدارە، ئارەقە دەکەیت، ئەوەش رێگەیەکی کاریگەری خۆفێنککردنەوەیە. دڵنیابەوە لەوەی ئاو و فێنککەرەوەی زۆر بەکار بهێنیت و جلی نەرم و بەرین لەبەر بکەیت."
 
گەرما دوو جۆرە؛ گەرمای شێدار و گەرمای وشک. ئەگەر مرۆڤ لە ژینگەیەکی شێدار بێت، ئاوی پێستی نابێتە هەڵم و بەو جۆرە کرداری ئارەقکردنەوە و فێنکبوونەوەی جەستە زۆر کەم دەبێتەوە، ئەوەش لە گەرمای وشک زۆر مەترسیدارترە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە