دیبەیتی ترەمپ و بایدن؛ بە پۆستەر و ریکلام توانج لەیەک دەگرن

28-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نزیک شوێنی دیبەیتەکەی ئەمشەویان، پۆستەرێکی زەبەلاحی دۆناڵد ترەمپ لە ئەتلانتا بەرزکراوەتەوە و وەک "تاوانکارێکی سزادراو" بەخێرهاتنی دەکات، لە کاتێکدا لە تەلەڤزیۆنەکان ریکلامێک بڵاودەکرێتەوە کە پێشانیدەدات جۆ بایدن لە پاسکیلێک دەکەوێتەخوارەوە. 
 
دیبەیتەکە کاژێر 04:00ـی بەیانی رۆژی هەینی بەکاتی هەولێر دەبێت. 
 
بایدن و ترەمپ رکابەری سەرەکیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمساڵی ئەمریکان. هەردووکیان هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی توندکردوونەتەوە.
 
تیمی بانگەشەی بایدن، ژمارەیەک پۆستەری گەورەیان لە شوێنە جیاجیاکانی شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا داناون. 
 
یەکێک لە پۆستەرەکان ئەو وێنەیەی تێدایە کە لە بنکەی پۆلیس وەک تۆمەتبارێک بۆ ترەمپ گیرا، لەسەری نووسراوە، "دۆناڵد، بەخێربێیت بۆ ئەتلانتا بۆ یەکەمین جار دوای ئەوەی کە بوویت بە تاوانبارێکی سزادراو. پیرۆزە، یان هەر چۆنت پێخۆشە با وابێت".

 

 
ئەم دواییانە، لەسەر 34 سەرپێچی، ترەمپ لە نیویۆرک بە تاوانبار ناسێندرا، کە هەموویان پەیوەندییان بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانییەوە هەبوو.  
بەڵام تیمەکەی ترەمپیش دەستەوسان نییە. بە باشی خۆی بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادەکردووە.
 
ریکلامێکی 30 چرکەیی بایدنیان ئامادەکردووە کە لە کاتی دیبەیتەکە پەخشدەکرێت و تێیدا گاڵتە بە تەمەنی بایدن دەکرێت کە ئێستا 81 ساڵە. 
 
ڤیدیۆکە دیمەنی بایدن پێشاندەدات کاتێک لەسەر پەیژەکانی فڕۆکەی سەرۆکایەتی پێیەکانی تێکدەئاڵێن و دوو سێ جار دەکەوێتە خوارەوە. هەروەها پێشانیدەدات کە چۆن بایدن لەسەر پاسکیلێکی وەستاو، دەکەوێتە خوارەوە. 
 
ڤیدیۆکە ئاماژە بەوە دەکات، بایدن کەڵکی ئەوەی نەماوە چوار ساڵی دیکە لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە. 
 
لە ڤیدیۆکەدا دەگوترێت، "کەسێک کە لە لایەن پەیژەکانەوە بەزێنرابێت، لە لایەن پاسکیلەکەیەوە بەر زەوی درابێت، لە شەڕی دژی چاکەتەکەی دۆڕابێت، هەروەها زوو زوو رێگەی لێ ون دەبێت، پێتوایە بتوانێت چوار ساڵی دیکە لە کۆشکی سپیدا بمێنێتەوە؟".
 
ریکلامێکی دیکە گاڵتە بە بایدن دەکات گوایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران و هەڵاوساندا شکستیهێناوە. ریکلامەکە دەڵێت، "دوای چوار ساڵی پڕ لە شکستی جۆ بایدن، ئێستا کات ئەوەیە ئەمریکا خۆشگوزەران و بەهێزبکەینەوە".
 
بایدن و ترەمپ بە نامە و پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ریکلامی چاپکراویش توانجیان لەیەک گرت.
 
ترەمپ لە پۆستێکدا نووسیویەتی، "بایدن هەڕەشەیە بۆ رزگاربوون و مانەوەی وڵاتەکەمان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا

بەرپرسێکی پارتی لە ئەمریکا: دیموکرات و کۆمارییەکانیش یارمەتیی کوردیان داوە

بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت: دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. گوتیشی ''ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانە و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە.''