وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکا 10 هەزار فەرمانبەر دەنێرێتە ماڵەوە

27-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی ئەمریکا رایگەیاند، پلانی داناوە 10 هەزار فەرمانبەری وەزارەتەکەی لە سەرانسەری ئەمریکا بنێرێتە ماڵەوە و سەرنج بخاتەسەر دووبارە بنیاتنانەوەی وەزارەتەکەی؛ کە ئامانج لێی هەوڵدان بۆ رێگریگرتن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بێت.
 
رۆبەرت فرانسز کێنێدی جونیەر کە بە (RFK Jr) ناسراوە، رۆژی پێنجشەممە 27-03-2025  گوتی: "ئێمە نەک تەنیا بیرۆکراسی کەمدەکەینەوە، بەڵکو ئەو رێکخراوە [وەزارەتی تەندروستی] دووبارە رێکدەخەینەوە بۆ ئەوەی سەرنج بخاتە سەر ئەرکی سەرەکیی خۆی و کارە لە پێشینەکانی، لەوانەش بەرپەرچدانەوەی پەتای نەخۆشییە درێژخایەنەکان."
 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا دووچاری خراپترین بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سوورێژە بووە و ئەنفلەوەنزای باڵندە هەڕەشە لە ئابووریی وڵاتەکە دەکات.
 
ئەوەی شارەزایانی تەندروستیی وڵاتەکەی نیگەران کردووە، کێنێدی پێشتر لە گرنگیی ڤاکسینی کۆرۆنای کەمکردووەتەوە و چەند جارێکیش گوتوویەتی، با ئەنفلەوەنزای باڵندە لە نێو پەلەوەر و باڵندەکانی ئەمریکا بڵاوبێتەوە.
 
ئەو کەمکردنەوەیەی فەرمانبەرانی تەندروستی کە خانەنشین و "دەستلەکاركێشانەوەی دواخراو"ـیش دەگرێتەوە، هێزی کاری وەزارەتی تەندروستی لە 82 هەزارەوە بۆ 62 هەزار فەرمانبەر کەمدەکاتەوە، ساڵانەش 1.8 ملیار دۆلار بۆ گەنجینەی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە، بودجەی ساڵانەی وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکا 1.8 تریلیۆن دۆلارە.
 
پلانەکەی چاکسازی لە وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، 28 بەش دەکات بە 15 بەش و ناوێکی نوێ بۆ دەستەکە دادەنرێت بە ناوی (فەرمانگەی تەندروستیی ئەمریکا AHA). پلانەکە ئامانجی ئەوەیە کە زیاتر جەخت لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بکاتەوە، لە رێگەی هاندانی خۆراکی تەندروست و ئاوی خاوێن و نەهێشتنی ژەهرە ژینگەییەکان.
 
لە کاتێکدا کە سەرنجدان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە قەڵەوی و رێنماییەکانی خۆراکەوە هەیە، هاوتەریبە لەگەڵ نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە زانستی و پزیشکییەکان، مێژووی کێنیدی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە دەربارەی ڤاکسینەکان و پرسیارکردن لە بنەما زانستییەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی زۆر.
 
بۆ نموونە لە ساڵی 2023ـدا، پێشنیازی ئەوەی کرد بۆ ماوەی هەشت ساڵ توێژینەوە لەسەر نەخۆشییە گوازراوەکان رابگیرێت، گومانی لەوە هەبووە ئایا ڤایرۆسی(HIV) دەبێتە هۆی ئەیدز؟ یان ئایا میکرۆبەکان بە گشتی دەبنە هۆی نەخۆشی.
 
لە نوێترین لێدوانیدا، کێنێدی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڤیتامین A بۆ چارەسەری سوورێژە بەکاربهێنرێت نەک ڤاکسین، چونکە "ڤاکسین هەموو ساڵێک دەبێتە هۆی مردن."
 
پۆڵ ئۆفیت، پزیشکی منداڵان و شارەزای ڤاکسین، رەخنەی تووندی لە کێنێدی گرت و رایگەیاند: "لەمە خراپتری پێناکرێت."
 
بڵاوبوونەوەی سوورێژە بووەتە هۆی تووشبوونی لانیکەم 378 کەس، کە زۆربەیان ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە