رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا پێشنیازی کردووە وڵاتەکەی ببێتە "سەکۆیەک" بۆ ئەوەی دانوستاندنی ئاگربەستی جەنگی رووسیا و ئۆکراینای لێبکرێت. پووتین گوتی: "رووسیا دژی ئەمە نییە."
رۆژی پێنجشەممە 26-12-2024، ڤیلادمیر پووتین لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا گوتی، ئەگەر هەر دانوستاندنێک هەبێت، ئەوان دڵخۆش دەبن سلۆڤاکیا ببێتە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆکان."
لەبارەی هەڵوێستی رووسیا پووتین گوتی: "رووسیا لە دژی ئەمە نییە و ستایشی بێلایەنیی سلۆڤاکیا دەکەین."
فیکۆ یەکێکە لەو سەرکردە ئەورووپییە دەگمانانەی کە پەیوەندی لەگەڵ کرێملین هەیە، رۆژی 22-12-2024 سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە. سەردانی فیکۆ لە کاتێکدایە، وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا داوای پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو دەکەن بۆ پشتیوانیکردن لە کیێڤ.
سلۆڤاکیا ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆیە، لە پاییزی 2023ـوە لە ژێر حوکمی فیکۆ یارمەتیی سەربازیی بۆ ئۆکراینا راگرتووە و داوای گفتوگۆی ئاشتییانە دەکات.
سلۆڤاکیا لەلایەکی دیکە، پشت بە گازی سرووشتیی رووسیا دەبەستێت و تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ ئۆکراینا کە "کۆسپ" دەخاتە بەردەمی لە هاوردەکردنی گازدا.
گازی سرووشتیی رووسیا بەنێو خاکی ئۆکراینا بەرەو سلۆڤاکیا دەڕوات. ئۆکراینا بڕیاری داوە ئەو گرێبەستە نوێ نەکاتەوە کە رێگە بە تێپەڕاندنی گازەکە دەدات، گرێبەستەکە لە کۆتایی ساڵی 2024 بەسەر دەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی جێگرەوەش نەدۆزراوەتەوە.
لەوبارەوە پووتین گوتی: "ئۆکرایناییەکان بە کۆتاییهێنان بەو گرێبەستە، سزای ئەورووپییەکان دەدەن و رێگە لە دەستخستنی گازی ئێمە دەگرن. رووسیا ئامادەیە گاز بۆ یەکێتیی ئەورووپا هەناردە بکات، ئەمەش لە رێگەی بۆریی یەمال-ئەورووپا کە بەنێو خاکی پۆڵەنداوە دەڕوات."
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ـی ئەمریکا و دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا؛ هیوای ئاگربەست زیاتر بووە، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن چەند جارێک گوتی، ئەو دەتوانێت لە 24 کاژێردا جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە رابگرێت.
بانگەشەکەی ترەمپ کە تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەکی لەسەر باسنەکردووە، ترسی لە نێو کیێڤ بڵاوکردووەتەوە و خەڵک لەوە دەترسن، ئۆکراینا ناچار بکرێت سازش بۆ رووسیا بکات.
پووتین چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە: "هەموو ئامانجەکانمان لە ئۆکراینا بەدەستدەهێنین. ئەمە ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە."
پووتین هۆشداری ئەوەی داوە مۆسکۆ ئامادەیە دووبارە مووشەکی بالیستیی دوورهاوێژی (ئۆرێشنیک) بەکاربهێنێت، کە مانگی پێشوو بۆ یەکەمجار ئاراستەی ئۆکراینای کرد.
بایدن پێشنیازێکی بۆ پووتین کردووە
ئەمڕۆ 26-12-2024 پووتین هەروەها باسی ئەوەیکرد، لە 2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کرد "بۆ ماوەی 10 بۆ 15 ساڵی دیکە، رێگە لە بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ بگرێت، چونکە هێشتا ئامادە نین." لە کاتێکدا ئۆکراینا دەمێکە چاوی لەوەیە ببێتە ئەندام و پووتینیش دەڵێت: "جێگەی قبووڵ نییە."
پووتین گوتی: "لە وەڵامی ئەو پێشنیازە گوتم، بەڵێ ئەمڕۆ ئامادە نییە، بەڵام ئێوە [ئەمریکا] ئامادەی دەکەن و قبووڵیشی دەکەن."
ئینجا پووتین گوتی: "بەڵام بۆ رووسیا چ جیاوازییەک لە نێوان ئەمڕۆ، بەیانی و 10 ساڵی دیکە هەیە؟".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ