پەرلەمانی سویسرا دەیەوێت 5.5 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا تەرخان بکات

26-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی ئەمنیی پەرلەمانی سویسرا خەریکی گفتوگۆیە لەسەر تەرخانکردنی 5.5 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لە جەنگی دژی رووسیا و "هێشتنەوەی ئەورووپا لە ئارامیدا."
 
رۆژی هەینی، 26-04-2024، پەرلەمانی سویسرا رایگەیاند، لیژنەی ئەمنی پڕۆژەیاسایەکی پێکێشکردووە کە تێیدا "11 ملیار دۆلار بۆ سوپای سویسرا و 5.5 ملیار دۆلاریش بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا تەرخان دەکرێت."
 
پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەندام پەرلەمانی میانڕەوی راستڕۆ و چەپ پاڵپشتیکراوە. پڕۆژەیاساکە لە یەکەم قۆناخدا بە هەشت دەنگی بەڵی و پێنج دەنگی نەخێر تێپەڕێندرا و هێشتا چەند قۆناخێکی دیکەی ماوە ببێتە یاسا.
 
پەرلەمانی وڵاتە ئەورووپییەکە دەڵێت: "پاکێجە ملیار دۆلارییەکە وەک یارمەتیدانێکە بۆ پاراستنی ئاسایشی سویسرا و هێشتنەوەی ئەوروپا لە ئارامیدا."
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە، 24-04-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژەبڕیارێک کرد کە تێیدا 61 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی  ئۆکراینا تەرخانکراوە.
 
بایدن دوای واژۆکردنی پاکێجەکە گوتی: "ئەو پاکێجەم واژۆکرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە تێپەڕێندرا. دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی لە چەند کاژێری داهاتوودا ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا دەستپێدەکات."
 
پڕۆژەیاساکە بەرهەمی چەندین مانگی پڕ لە مشتومڕ، گوشاری هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و داواکارییەکانی زیلینسکیی سەرۆکی ئۆکراینایە. لە مانگی شوباتەوە دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمریکا لەسەر هاوکاریکردنی ئۆکراینا ناکۆکن؛ ئەمە بە روونی رەنگدانەوەی لە مەیدانی جەنگدا هەبووە.
 
سەرەتا دەبووایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاکێجەکە پەسند بکات، ئینجا ئەنجوومەنی پیران و پاشان سەرۆکی ئەمریکا. پاکێجەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەتایبەت لەلایەن کۆمارییەکان گیری خواردبوو.
  
چەک شوومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند: "ئەم هاوکارییانە بنچینەیین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەورەترین ئاڵنگارییەکانی دوای جەنگی سارد. شکستی ئەم پاکێجە دەبووە خەڵاتێکی نایاب بۆ پووتین، سەرۆکی چین و ئێرانیش کە زیانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کولتوورییان بە ئەمریکا گەیاندووە."
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمریکای کرد و گوتی: "قەیرانە داراییەکان لە جیهاندا دژوارتر دەکەن." 
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیاش گوتی: پاکێجەکەی ئۆکراینا "سەربازی زیاتری ئۆکراینی بە کوشت دەدات."
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا خۆشحاڵە بە تێپەڕاندنی یاساکە و دەڵێت: "پاکێجێکی زۆر گەورەیە کە سەربازانمان لە بەرەکانی جەنگ و لەو شارۆچکە و گوندانە هەستی پێدەکەن کە زیانیان بەدەست تیرۆری رووسیاوە بینیوە."
 
26 مانگە شەڕی ئۆکراینا هەڵگیرساوە؛ پاکێجەکانی کۆشکی سپی بەمەی کە تازە پەسند کراوە، لە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.  
 
لەولاشەوە، ناتۆ رژدە لەسەر شکستپێهێنانی رووسیا و پووتینیش هۆشداری دەداتە رۆژئاوا؛ هاوکاریکردنی کیێڤ تەنیا جیهان بەرەو جەنگی سێیەم دەبات کە بە ئەگەری زۆر، چەکی وێرانکەری ئەتۆمیی تێدا بەکاردەهێندرێت.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."