ئەمریکا: پاڵپشتی لە هەوڵەکانی تایبەت بە نزیکبوونەوەی بەغدا و هەولێر دەکەین

26-03-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن کۆبووەوە. هەردوو وەزیر باسیان لە هەوڵەکان بۆ نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کرد.
 
رۆژی سێشەممە 26-03-2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن دی سی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، هاوتا ئەمریکییەکەی کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "هەردوو وەزیری دەرەوە باسیان لە هاوکارییەکان لە بواری پرسە ئەمنی، ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکان بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق کرد. هەروەها باسیان لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی ئەمریکا و عێراق و کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە 15ی نیساندا کرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەدا بلینکن لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، "ئەمریکا پاڵپشتی لە هەوڵەکانی تایبەت بە نزیکبوونەوەی بەغدا و هەولێر، دەستگەیشتنی سەرجەم عێراقییەکان بە سوودە ئابوورییەکانی وڵات، باشکردنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە، بەهێزکردنی توانای عێراق بۆ فەراهەمکردنی سەروەریی وڵاتەکە و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاسایش بۆ هەموو عێراقییەکان دەکات."
 
پێش کۆبوونەوەکەش، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، "عێراق هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگە. عێراق بۆ سەقامگیریی ناوچەکەش گرنگە."
 
هەرچی وەزیری دەرەوەی عێراقیشە لەبارەی پەیوەندەییەکانی بەغدا و واشنتن رایگەیاند، "لەگەڵ ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوپەیمان بووین و بە هاوپەیمانیش دەمێنینەوە. هەروەها لە زۆر بواری دیکەش هەر هاوپەیمانین و ئامانجیشمان پتەوکردنی ئەو هاوپەیمانێتییەیە."
 
پرسێکی سەرەکیی کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و وەزیری دەرەوەی عێراق بریتی بوو لە شەڕی داعش. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "داعش هێشتا هەڕەشەیەکی راستەقینەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا