جیهان

ئەو دوو کەسەی ئەمڕۆ کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆزیان لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک سووتاند. وێنە: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنهاگنی پایتەخی دانیمارک دوو کەس کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان سووتاند، ئەوەش دەبێتە دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا قورئانی پیرۆز لەو وڵاتە بسووتێندرێت.
رۆژی دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2023، ئەندامانی گروپێکی تووندئاژۆ لە دانیمارک بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن لە لایڤێکی فەیسبووکادا کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان سووتاند. هاوکات، بێڕێزیشیان بە ئاڵای عێراق کرد.
لارس لۆک راسمودێن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، قسەی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، هەرچەندە سووتاندنی قورئان لە دانیمارک ناچێتە چوارچێوەی "تاوان"، بەڵام کارەکەی بە "گەمژەیی" ناوبرد و گوتی: "ئەوە کارێکی ئابڕووبەرانە یە کە بێڕێزی بە ئاینی کەسانی دیکە بکرێت."
ئەوە دووەم جارە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەو گرووپە پەڕگیرە دانیمارکییە قورئانی پیرۆز دەسووتێنن. رۆژی هەینی، 21-7-2023، لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنهاگن بە گوتنەوەی دروشمی دژی ئیسلام کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراقیان سووتاند. وەک گرووپەکە خۆیان دەڵێن، "دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق"، قورئانی پیرۆزیان سووتاندووە.
لە کاردانەوەی ئەوەشدا بەرەبەیانی شەممە، 22-07-2023، دەیان هاووڵاتیی عێراقی، کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون، خۆپێشاندانیان کرد و هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 20-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای بێڕێزیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت. ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقی لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت کردەوە و داواشی لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد، عێراق جێبهێڵێت.
رووداوەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و هەریەکە لە ئێران، سعودیە، ئەمریکا، ئەڵمانیا، سوێد و چەندین وڵاتێکی دیکەی ئیسلامی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ