رووداو- هەولێر
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات-مەسەدە دەڵێت، لە هێرشەکانی تورکیادا کۆمەڵکوژی مەیدانی ئەنجامدراوە و بەهۆی شەڕەوە 250 کەسی سڤیل مردوون و 300 کەسیش بێسەروشوێن بوون.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات مەسەدە بە ئەندامانی کۆنگرێسی راگەیاند: "بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە 300 هەزار کەس ئاوارەبوون، 250 کەسی سڤیل مردوون، کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن و 300 کەسیش بەهۆی هێرشەکانەوە بێسەروشوێن بوون."
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات مەسەدە ئاشکرایکرد: "رۆژێک پێش پەیوەندی تەلەفۆنی ترەمپ و ئەردۆغان ئاگادار کراینەوە کە ئاسمانی ناوچەکە بەڕووی تورکیادا دانەخراوە. سەرێكانی بەتەواوی بەر بۆردوومان کەوتووە و چەندین کەسی سیاسیشمان وەک هەڤرین خەلەف کوژراون. هێرشەکان بەجۆرێک بوون کۆمەڵکوژی مەیدانی ئەنجامدراوە، کردەوەی دژی مرۆڤایەتی لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە. لە هێرشەکاندا گازی کیمیایی بەکارهێنراوە، کە بەهۆی کەمی توانا تاقیگەییەکان ناتوانین پشکنینی تەواویان لەوبارەوە بکەین".
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا: "هەرچەندە لەگەڵ هاوپەیمانان لەبارەی وەستاندنی هێرشەکان بەردەوام قسەمان کردووە، هەردەم پێمانیان گوت ناتوانین شەڕەکە بووەستێنین. بەدرێژایی 120کم و قوڵایی 32 کم لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە."
هاوسەرۆکی مەسەدە باسیشی لەوەکرد" ئەوکەسانەی لەلایەن تورکیاوە بۆ بەرەکانی شەڕ رەوانەکراون ئەمیری داعش بوون لەژێر ناوی سوپای سووریای ئازاد یان سوپای دیموکراتی سووریا و هێرش دەکەنە سەر ئێمە. سوێند دەخۆن دەڵێن: سەرتان دەبڕین و هەمان رەفتاری داعش دووبارە دەکەنەوە. بۆیە داعش بەشێوەیەکی دیکە هاتووەتە ناوچەکە و هێرشمان دەکەنەوە سەر."
بەگوتەی ئیلهام ئەحمەد، یەکێک لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی نیویۆرک لە ساڵی 2011 لای ئەوان دەستبەسەرە. ئەو دەڵێت "ئەوە دۆخێکی زۆر مەترسیدارە. گیراوەکانی داعش و دەستبەسەرکراوەکانی دیکە هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیوە تورکیا بێت و ئەوان بپارێزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ